وەزیری دادی ئەمەریکا رێگەی دا لێکۆڵینەوە لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بکرێت

"ئەم رێگەپێدانە مانای ئەوە نییە وەزارەتی داد بەڵگەی هەیە لەبارەی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان"

K24 - هەولێر

وەزیری دادی ئەمەریکا رەزامەندی نیشاندا بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەگەری بوونی سەرپێچی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، کە دۆناڵد ترەمپ بەردەوام جەختی لەسەر دەکاتەوە، بەبێ ئەوەی بەڵگەی نیشاندابێت.

ویلیام بار، وەزیری دادی ئەمەریکا و نزیکترین وەزیرە لە ئیدارەی سەرۆکی ئەمەریکا لە ترەمپەوە. جەختی کردووەتەوە لەوەی؛ ئەو رێگەپێدانە بۆ داواکارانی گشتیی فیدراڵییە لە وڵات و مانای ئەوە ناگەیەنێت وەزارەتی داد بەڵگەی هەیە لەبارەی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی 3ـی ئەم مانگە.

بار لە نامەکەیدا نووسیویەتی "رێگەتان پێدەدەم لێکۆڵینەوە بکەن لە بانگەشەکان کە باس لەوە دەکەن سەرپێچی گەورە لە دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکان کراوە، پێش دڵنیابوونەوە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە هەندێک حاڵەتدا".

هەروەها دەڵێ "دەکرێت ئەو لێکۆڵینەوانە بکرێن، لەحاڵەتی بوونی بانگەشەی روون و راست لەبارەی ئەنجامدرانی سەرپێچی، بەجۆرێک ئەگەر سەرپێچییەکە سەلمێنرا، کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ویلایەتە بکات".

بەپێی میدیاکانی ئەمەریکا، ریچارد بیلگێرد، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی راسپێردراو بە تاوانەکانی هەڵبژاردن، لەدوای ئەو نامەیەی وەزیری داد، دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی راگەیاندووە.

ریچارد بڕیارەکەی خۆی لەڕێگەی نامەیەک بۆ تیمەکەی ناردووە و، بەپێی نیویۆرک تایمز نووسیویەتی "دوای ئەوەی یاسا نوێیەکانم خوێندەوە، بەداخەوە دەبێت دەستلەکاربکێشمەوە لە پۆستەکەم".

لێکۆڵینەوە لە ئەگەری ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان، بەگشتی لە دەسەڵاتی هەر ویلایەتێکە کە یاسای هەڵبژاردنی تایبەت بە خۆی دادەنێت و سەرپەرشتی دەکات، وەزارەتی داد دەستوەردان ناکات، تاوەکو پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان و ئەنجامەکە یەکلایی دەبنەوە.

تیمی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی دۆڕاوی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی 2020ـی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، لە چەندین ویلایەت کە جۆو بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان بە جیاوازییەکی کەم لێی براوە بووە، شەڕی یاسایی دەکات بۆ تانەدان لە ئەنجامەکان.

بەڵام بەگوتەی شارەزایان؛ تیمەکەی ترەمپ چانسێکی زۆریان لەبەردەمدا نییە، چونکە زۆربەی هەرە زۆری بەرپرسەکانی ویلایەتەکان داوایان لە تیمەکەی ترەمپ کردووە، بەڵگە لەبارەی ئەنجامدانی ساختەکاری پێشکەش بکەن.