سبەی پەرلەمانی عێراق ده‌نگ له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای قه‌رز ده‌دات

په‌رله‌مانتاران: حكومه‌ت چاكسازی ناكات و ته‌نیا پشت به‌ قه‌رز ده‌به‌ستێت
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

نزیکەی دوو مانگە فەرمانبەرانی عێراق مووچەیان وەرنەگرتووە، حکومەت پرۆژەیەکی قەرزکردنی بۆ دابیکردنی مووچە و پڕکردنەوەی کورتھێنانی بوودجە پێشکەشی پەرلەمان کردووە، کە بڕەکەی 41 ترلیۆن دینارە و لیژنەی دارایی و پەرلەمانتارانیش ئەو بڕە پارەیان پێ زۆرە و ھەموویان کۆکن لە سەر ئەوەی، تەنھا دەنگ بە بڕی 15 ترلیۆن دینار قەرزکردن بدەن، کە بۆ مووچە و پێداویستی کەرتی تەندرووستی و بەشە خۆراکی مانگانەی ھاولاتیانە، ھەر بۆ ئەم مەبەستە لیژنەی دارایی پەرلەمان لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران رێكکەوتن لە سەر ئەوەی بە ھەر میکانزمێك بێت، دەنگ بەو پرۆژەی قەرزکردنە بدەن تاکو لەوە زیاتر دابەشکردنی مووچە دوا نەکەوێت.

سامر زیبان، پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی فەتح گوتی: دەنگدان بە پرۆژە یاسایی پرکردنەوەی کورتھێنان و قەرزکردن بۆ مووچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەکانی دیكە وەك پشکی جوتیاران و کڕێنی دەرمان و چاودێری کۆمەڵایەتی، چەندین کۆبوونەوە و پێداچونەوەی بۆ کراوە، بۆیە دەنگی لە سەر دەدرێت، بەڵام بەو مەرجەی کە جارێکی دیكە وەزارەتی دارایی چاو بە داواکاریەکانی بخشێنێتەوە، چونکە دەنگ بەو بڕە پارە زۆرە نادەین.

فراکسۆنە جیاوازەکانی ناو پەرلەمان رەخنەی توند ئاراستەی حکومەت دەکەن، بەوەی نەیانتوانیوە چاکسازی دارایی بکات و تەنھا پشتیان بەقەرزکردن بەستووە، بۆیە داوای روونکردنەوە لە وەزارتی دارایی دەکەن لە بارەی داھاتە نەوتی و نا نەوتیەکان، چونکە پێیان وایە ناشەفافیەت لە داھات و خەرجیەکاندا ھەیە و حکومەتەکەی کازمی بەرپرسە لە بەھەدەردان و گەندەڵی، ھاوکات گومانیان لە پرۆژەی پرکردنەوەی کورتھێنانیش ھەیە، بەو ھۆیەوە بەشێك لە فراکسیۆنەکان بە نیازن بایکۆتی کۆبوونەوەی تایبەت بە دانگدانی پرۆژەی قەرزکردن بکەن.

نەعیم عەبودی، گوتەبێژی کوتلەی سادقون گوتی: بۆمان دەرکەوتووە، کە پێویستی قەرز بۆ مووچە لە 8 ترلیۆن دینار زیاتر نیە بۆ چەند مانگی داھاتوو، بەڵام نازانین حکومەت بۆ داوای 30 ترلیۆن دینار دەکات، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەین قەرزکردن تەنھا بۆ مووچە بێت، چونکە ناکرێت ئەو ھەموو پارە بەھەدەر بدرێت و کەس نەزانێت بۆچییە. ئەم بارودۆخەمان لە بەرچاوگرتووە، دەزانین دەزگا ئەمنیەکان و کەرتی تەندرووستی پارەیان پێویستە، بەڵام ھیچ بیانۆیەك نیە بۆ خەرجکردنی پارە بۆ خزمەتکردنی سێ سەرۆکایەتیەکە لەم رەوشە ناھەموارەی عێراق تێیکەوتوە، بۆیە باشترە ئەو پارەیەی قەرز دەکرێت بۆ چاودێری کۆمەلایەتی و مووچەی فەرمانبەران بێت.

بڕیارە رۆژی چوارشەممە پەرلەمانی عێراق دەنگ بدەن بە پرۆژەی پڕکردنەوەی کورتھێنانی بوودجەی ساڵی 2020 و قەرزکردن بۆ مووچەی فەرمانبەران، راستەوخۆ پاش ئەو دەنگدانە حکومەت دەستدەکات بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 10، پاشان بە پێی رێکەوتنی نێوان حکومەتی ھەرێم و بەغدا راستەوخۆ بڕی 320 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمیش خەرج دەکرێت.