پاسێکی گەشتیارانی سلێمانی لە باکووری کوردستان وەرگەڕا؛ کەسێک گیانی لەدەستدا و 28ـی دیکە بریندارن
K24 - هەولێر
پاسێکی گەشتیاران کە لە سلێمانییەوە بەڕێکەوتووە، لە رووحا (ئورفا)ـی باکووری کوردستان وەرگەڕا، لەئەنجامدا 28 کەس بریندار بوون و کەسێکیش گیانی لەدەستدا.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئەنادۆڵووی تورکی، هەروەها ئەو وێنانەی بڵاویکردوونەتەوە، پاسەکە هەڵگری تابلۆی عێراق سلێمانییە و، لە ناوچەی تەرزی بەرەو رووها چووە کاتێک وەرگەڕاوە.
وەکو لە وێنەکاندا دەردەکەوێت رووداوەکە سەختە. 29 سەرنشینی پاسەکە بریندار بوون و لەلایەن تیمەکانی فریاگوزاریی بەپەلەوە گواستراونەتەوە نەخۆشخانە، دوو کەسیان برینیان سەخت بووە و دواتر یەکێکیان گیانی لەدەستداوە.
سەرنشینانی پاسەکە لە شاری سلێمانییەوە بەمەبەستی گەشتکردن لە رێگادابوون بەرەو شاری سامسوون لەسەر دەریای رەش.