راگەیاندنی دۆزینەوەی ڤاكسینی كۆرۆنا گەشانەوەی بۆ بازاڕی بۆرسەكان گەڕاندەوە
K24 – ھەولێر:
زۆربەی بازاڕە جیھانییەكان بە پاڵپشتی بەردەوامبوونی گەشبینییەكان سەبارەت بەو ڤاكسینەی لە لایەن دوو كۆمپانیای ئەمهریكی و ئەڵمانی راگەیەندرا، توانیان قازانج تۆماربكەن، كە ئەوەش ھاوكاتە لەگەڵ ئەو مەترسیانەی تایبەت بە قەبارەی ئەو زیانانەی لە ئابووری ناوخۆدا تۆماركراون.
لە وۆڵ ستریت، پێنوێنی داوجۆنزی پیشەسازی 96.20 خاڵ بەرزبوویەوە، كە یەكسانە بهڕێژهی 0.33% و لە كاتی كردنەوەی بازاڕدا گەیشتە 29254.17 خاڵ، ھەروەھا پێنوێنی ستاندار ئاند پوورز 500 بە 7.24 خاڵ، كە یەكسانە به 0.02% بەرزبوویەوە و گەیشتە 3543.26 خاڵ، بەڵام پێنوێنی ناسداك 91.34 خاڵ، كە یەكسانە به 0.78% دابەزی و گەیشتە 11622.44 خاڵ، وەبەرھێنەرانیش لە فرۆشتنی پشكی كۆمپانیا تەكنەلۆژییە گەورەكان بەردەوام بوون، كە بەھۆی كۆرۆنا سوودی گەورەیان تۆماركردبوو.
سەرەڕای ئەوەش، بانكی جەی پی مۆرگان، كە تایبەتە بە وەبەرھێنانی ئەمهریكی، پێشبینیكرد لە سەرەتاكانی ساڵی داھاتوو، پێنوێنی ستاندارد ئاند پوورز 500ی پشكی ئەمهریكی بگاتە ئاستی 4000 خاڵ، راگەیاندنی دۆزینەوەی ڤاکسین لەلایەن كۆمپانیای فایزەر یەكێك بوو لە باشترین فاكتەرەكان، كە بۆ ماوەی چەندین ساڵی داھاتوو قازانج بكات.
بانكی جەی پی مۆرگانی ئەمەریكی رایگەیاند، دوای ماوەیەكی زۆر لە بەرزبوونەوەی مەترسییەكان بەھۆی جەنگی بازرگانی و ھەروەھا ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەوە جگە لەو گومانانەی بۆ ھەڵبژاردنەكەی ئەمهریكا دروستببوو، كەچی ئێستا پێشبینییەكان بەشێوەیەكی گەورەتر دەردەكەون، بەتایبەت كە ھەواڵی دڵخۆشكەر بۆ چارەسەركردنی كۆرۆنا بڵاوبووەوە.
ھاوكات بانكەكە پێشبینی دەكات، پێنوێنی پشكی ئەمهریكا تا كۆتاییەكانی ساڵی 2021 بۆ نزیكەی 4500 خاڵ بەرزبێتەوە، بەو جۆرەش بەرێژەی 25% بەرزدەبێتەوە بەراورد بەو ئاستەی ئێستا ھەیەتی، ئەمەش لە كاتێكدایە، لە دوایین مامەڵەكانی بۆرسەدا، زیاتر لە 3% بەرزبووەتەوە و ئاستی 3600 خاڵی تێپەڕاندووە.
ھەرچی ئەوروپایە، پشكی لە بۆرسهكان بەرزترین ئاستی لە 8 مانگدا تۆماركرد، بەجۆرێك پێنوێنی ستۆكس 600 تایبەت بە پشكی ئەوروپا بەرێژەی 0.63% بەرزبووەوە، سەبارەت بە كەرتەكانی بانك، گەشتكردن، خۆشگوزەرانی و وەزە، زۆرترین بەرزبوونەوەیان لە كاتی مامەڵەكاندا تۆماركردووە كە 7%ـی تێپەڕاندووە، تایبەت بە پشكی كۆمپانیاكان، پووكی ئەدیداسی ئەڵمانی تایبەت بە پیشەسازی پۆشاك، بەرێژەی 2.2% دابەزی، پەیوەست بە ئاسیا، پێنوێنی نیكی گەیشتە بەرزترین ئاستی 3 دەیەی رابردوو، بەجۆرێك پشكی كۆمپانیاكان بەھۆی راگەیاندنی دۆزینەوەی ڤاكسین بەرزبووەوە.
لەگەڵ زیادبوونی روونییەكان، دانیشتووانی جیھان زیاتر گەشبین دەبن و ھیوای كرانەوەی وڵاتانیش بەڕووی یەكدیدا زیاتر دەبێت و بەو جۆرەش كۆمپانیاكان قازانجیان بە بەراورد لەگەڵ رابردوو بەرزدەبێتەوە.