دوو شۆک 5.5 ملیۆن عێراقی بەرەو هێڵی هەژاری دەبەن

بانکی جیهانی راپۆرتێکی لەبارەی دۆخی ئابووری لە عێراق بڵاوکردەوە

K24 - هەولێر

بانكی جیھانی دەڵێ، پەتای كۆرۆنا و داڕمانی نرخی نەوت بوونەتە ھۆكاری ئەوەی ئاستەنگی ئابووریی گەورە پەیدا ببنن و ملیۆنان عێراقی بكەونە نێو هێڵی ھەژارییەوە.

بەگوێرەی راپۆرتێكی بانكی جیھانی، کە رۆژی چوارشەممە، (11-11-2020) بە پشتبەستن بە بڵاوکراوەیەکی نوێی روانگەی ئابووریی عێراق بڵاوی کردووەتەوە؛ 5.5 ملیۆن عێراقی رەنگە رووبەڕووی هەژاری ببنەوە بەهۆی دوو شۆکەوە؛ شۆکی دابەزینی نرخی نەوت لەگەڵ پەتای کۆرۆنا.

لە راپۆرتەکەدا هەروەها باس لەوە کراوە؛ بەهۆی کەمکردنەوەی مووچە و هەقدەست، رەنگە 0.4 بۆ 1.7 ملیۆن عێراقی دیکە بکەونە هێڵی هەژاری، ئەگەر بێت و ئەو کەمکردنەوەیە بەشێوەیەکی پلە پلە "تەدریجی" نەکرێت و لەناکاو بێت.

لە راپۆرتەكەدا روانگەی ئابووریی عێراق مەزەندە دەکات، بەرهەمی نانەوتیی ناوخۆی عێراق لەمساڵدا بەڕێژەی 9.5٪ کەمبێتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە نرخی نەوت بۆ کەمترین بەهای لە پێنج ساڵی رابردوو دابەزیوە و ئابووریی عێراق لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێژەی 6.8٪ کەمبووەتەوە.