وەزیری تەندروستی ئێران "ھەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوە" دەكات

لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی 41 هەزار کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە

K24 - هەولێر

وەزیری تەندروستیی ئێران "هەڕەشە دەکات ئەگەر كەرەنتینی گشتی و قەدەغەی تەواوی ھاتووچۆ رانەگەیەنرێت، دەست لەكاردەكێشێتەوە".

لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تائێستا زیاتر لە 738 هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون، نزیکەی 41 هەزاریشیان بەهۆی ئەو پەتایەوە گیانیان لەدەستداوە، لە مانگی ئەیلوولەوە ئامارەکانی کۆرۆنا بەردەوامن لە بەرزبوونەوە و دابەزینیان تۆمار نەکردووە.

سەعید نمەكی، وەزیری تەندروستی ئێران ئەمڕۆ (شەممە، 14-11-2020) رایگەیاند، سەرۆككۆماری ئێران ھەندێك بڕیارو لێدوان ده‌رباره‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌دات، كە پێشتر لە ناوەندی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا باس نەكراون.

نمەكی هەروەها دەڵێ "روحانی سەبارەت بە شەپۆلی نوێی كۆرۆنا لەو وڵاتە، كەمتەر خەم بووە".

بەشێك لە راگەیاندنەكانی ئێرانیش ئاشكرایان كردووە، وەزیری تەندروستی ئێران ھەڕەشەی دەست لەكاركێشانەوەی كردووە، ئەگەر كەرەنتین و قەدەغەی ھاتووچۆی گشتی رانەگەیەندرێت.