پۆمپێیۆ: ھەفتەی داھاتوو ئەمەریكا سزاكانی سه‌ر ئێران توندتر دەكات

"ئێش و ئازارەكانی دەست چەوساندنەوەی رژێمی ئێران زۆر درێژەی خایاند"

K24 – ھەولێر:

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، مایك پۆمپێیۆ، رایگەیاند، وڵاتەكەی بە نیازە ھەفتەی داھاتوو سزاكانی دژ بە ئێران توندتر بكات لە ئەنجامی پەیڕەوكردنی سیاسەتی "سەركوتكردنی سیاسی" كە رژێمی ئێران دژ بە بەھەڵستكارانی ئەنجامی دەدات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیاندراوێكدا گوتی: تاران دوای خۆپیشاندانەكانی شارەكانی ئێران لە ساڵی رابردوو، ھەوڵیدا "بەڵگەكانی كارە سەركوتكارە توندەكانی بەڕێگای چاودێریكردن و شێوازەكانی تۆقاندن بشارێتەوە" و خزمەتگوزارییەكانی ئینتەرنێتی بڕی.

پۆمپێیۆ گوتیشی: دەسەڵاتدارانی ئێران ھێشتا رێگری لە لێكۆڵینەوەیەكی سەربەخۆ و بێلایەن لە كار و كردەوەكانی كوشتن دەكەن لەو كاتدا، گوتیشی: "بەڵام ئێمە قوربانیانی دەستی ئەو رژێمە لەبیر ناكەین و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەردەوام دەبێت لە بەشداریكردن لە بەسزاگەیاندنی بەرپرسان، ھەفتەی داھاتوو رێوشوێنەكانی دواتر لە بەرامبەر ئەوانەی دەستیان لەو كارە سەركوتكەرانە ھەبوو رادەگەیەنین لە پێناو جێبەجێكردنی دادپەرەوەری بۆ گەلی ئێران، كە ئێش و ئازارەكانی لە دەست چەوساندنەوەی رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران زۆر درێژەی خایاند، زیاتر لە خەڵكی دیكە".

لە كۆتایی راگەیاندراوەكەیدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئومێدی خۆی دەربڕی، كە "ھەموو وڵاتان بێنە ریزی ئەو بانگەوازەمان، كە ئاراستەی رژێمی ئێرانمان كردووە بۆ ئازادكردنی ھەموو گیراوە سیاسییەكان و زیندانیانی را و بۆچوون".

سەرچاوە: تاس