حكومەتی ھەرێم دۆكیۆمێنتەكانی رێككەوتن لەگەڵ بەغدا لە پەرلەمان دەخاتەڕوو

دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆدەبنەوە
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

ئەمڕۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆدەبنەوە، بڕیارە سبەی تیمێكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەشداری لە كۆبوونەوەی پەرلەمان بكەن و ئەو دۆكیۆمێنتانە دەخەنەڕوو كە لە رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق واژۆ كراون.

ھۆشمەند سادق، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "كۆبوونەوەی ئەمڕۆی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان، وەك ئامادەكارییە بۆ كۆبوونەوەكەی سبەی كە شاندی دانووستانكاری حكومەتی ھەرێم بۆ بەغدا ئامادەی كۆبوونەوەكە دەبن، لە كۆبوونەوەكەدا شاندی دانووستانكاری حكومەت ناوەرۆكی رێككەوتنەكان لەگەڵ حكومەتی عێراق بە دۆكیۆمێنتانە دەخەنەڕوو، مەبەستیانە راستییەكان بۆ پەرلەمان و رای گشتی روون بكەنەوە، لە بەرامبەر تێپەڕاندنی یاسای قەرزی عێراق كە بێ خواستی كورد لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕێندرا".

پەیامنێرمان، ئاماژەی بەوەشكرد: "زانیاری ئەوە ھەیە كە كۆبوونەوەی پەرلەمان و شاندی دانووستانكاری حكومەت نەكرێت، چونكە دەگوترێت لێك نزیكبوونەوە لەنێوان حكومەتی ھەرێم و حكومەتی بەغدا ھەیە، بۆ گفتوگۆ كردن لەپێناو چارەسەری كێشەكان، بۆیە ئەگەر كۆبوونەوەكەی سبەی نەكرێت، ئەمڕۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆنابنەوە".

لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، ھاوكاری و ھەماھەنگی زیاتر لەنێوان حكومەت و پەرلەمان ھەیە، بە مەبەستی شەفاف بوون لە كارو ھەنگاوەكان، چەندین جار تیمی حكومەت ھاتوونەتە پەرلەمانی كوردستان و جگە لە كۆبوونەوە گشتییەكان بە جیاش لەگەڵ لیژنەكانی پەرلەمان كۆبوونەتەوە.