سی ئێن ئێن: سوپای ئەمەریكا چاوه‌ڕێی فەرمانی ترەمپ دەكات بۆ كشانەوەی ھێزەكانی لە عێراق و ئەفغانستان

كاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە ھاتووە

K24 – ھەولێر:

فەرماندە سەربازییەكانی ئەمەریكا مەزندە دەكەن، سەرۆكی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ، فەرمانێكی فەرمی لەم ھەفتەیەدا بدات بۆ دەستكردن بە كشانەوەی بەشێكی دیكەی ھێزەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان و عێراق، پێش ئەوەی لە 20 كانوونی دووەم پۆستەكەی جێبێڵێ، بەپێی ھەندێك لە بەرپرسە ئاگادارەكان.

پێنتاگۆن ئاگادارییەكی بۆ فەرماندەكان دەرخستووە، بەناوی "فەرمانی ھۆشداری" بۆ دەستپێكردنی پلانی دەستپێكردنی كەمكردنەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا لە 2500 سەرباز لە ئەفغانستان و 2500 سەرباز لە عێراق تا 15 كانوونی دووەم، بەپێی گوتەی بەرپرسان.

ئێستا 4500 سەربازی ئەمەریكایی لە ئەفغانستان ھەنە و 3 ھەزار سەربازیش لە عێراق ھەنە. تۆڕی سی ئێن ئێن گوتی: "پێنتاگۆن و كۆشكی سپی راستەوخۆ وەڵامی تۆڕەكەیان نەداوەتەوە وەك كۆمێنت لەسەر بابەتەكە.

ئەم ھەنگاوە ھاودژە لەگه‌ڵ راسپاردەكانی فەرماندە سەربازییەكان، كە ماوەیەكی درێژ مشتومڕیان بوو لەسەر ئەوەی كشانەوەی ژمارەیەكی زیاتر لە سەربازەكانی دەبێت لەسەر بنەمای چەند مەرجێك بن و رەوشی ئێستا پێویست بە كشانەوەی زیاتری سەربازەكان ناكات.

ئەو گۆڕانكارییانەی ئەم دوایە لە پێنتاگۆندا، وایكرد ئەو كەسانەی لایەنگری ترەمپن لە شوێنی خۆیان بمێننەوە. ھەفتەی رابردوو ھەندێك سەرچاوەی ئاگادار بە "جیك تابر"ی "پەیامنێری سی ئێن ئێن"یان رایگەیاند بوو، ئەو ھەڵمەتەی كۆشكی سپی دژ بە وەزارەتی بەرگریی ئەنجامیدا لەوانەیە بۆ ئەو راستییە بگەڕێتەوە، كەوا وەزیری بەرگری پێشوو، مارك ئێسپەر و تیمەكەی بەرەو پاشگەزبوونەوە دەچوون لە كشانەوەی ناوەخت لە ئەفغانستان و جێبەجێكردنی ئەو كشانەوەیە لە كاتێكدایە مەرجەكانی پێویست لەسەر زەوی جێبەجێ نەكراون و ھەندێك پرسی ئەمنی دیكە بەھەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.

وەزیری كاربەڕێكەری بەرگری ئەمریكا، كریستۆڤەر میللەر، نامەیەكی ئاراستەی سوپا كرد، پێدەچی ھاودژ بێت و گوتی: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەبێت بەردەوام بێت لە شەڕیدا لەگەڵ قاعیدە و ئەو ھێزە تیرۆریستانەی لە پشت 11 سیپتەمبەر بوون. ھەروەھا گوتیشی: كاتی ئەوە ھاتووە، ھێزەكان بگەڕێنەوە وڵات.

میللەر لە نامەكەیدا نووسیویەتی: "ئەم شەڕە ھێشتا بە كۆتایی نەھاتووە.. ئێمە نزیكین لە شكستپێھێنانی قاعیدە و ئەوانەی بەو بەندن، بەڵام دەبێت لە ھەڵەی ستراتیجی پێشوومان دوور بكەوینەوە، كە خۆی لە سەركەوتوو نەبوون لە بینینی شەڕەكە تا كۆتاییدا ده‌بینێتەوە. لە راستیدا، ئەم شەڕە زۆر درێژ بوو و قوربانییەكانمان زۆر گەورە بوون و زۆركەسیش لە شەڕەكە بێزار بوون- من یەكێكم لەوانە- بەڵام ئەمە قۆناغی یەكلاكەرەوەیە، كە ھەوڵەكانمان لە رۆڵی سەركردە دەبێتە رۆڵی پشتیوان، "وەك ئاماژەیەك بۆ رۆڵی ئێستای ئەمەریكا لە پشتیوانیكردنی ھەڵمەتەكانی لەناوبردنی تیرۆر وەك ئەوەی كە لە ئەفغانستان ھەیە".

میللەر لە نامەكەیدا نووسیویەتی: "ئەم شەڕە بە كۆتایی نەھاتووە.. ئێمە خەریكە قاعیدە و ئەوانەی بەوان پابەندن تێكیاندەشكێنین". میللەر گوتیشی: دەبێت ھەموو شەڕەكان كۆتاییان بێت. كۆتاییھێنان بە شەڕەكان پێویستی بە سازش و ھاوبەشی ھەیە. رووبەڕووی ئاڵنگاری بووینەوە، ھەموو شتێكی ھەمان بوو پێمان بەخشی، ئێستا، كاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە ھاتووە".