ترەمپ پرسی بە راوێژکارانی کردووە بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوەیەکی ئەتۆمیی ئێران

نیویۆرک تایمز: کۆبوونەوەکە هەفتەی رابردوو لە کۆشکی سپی کراوە

K24 - هەولێر

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای بژاردەی هێرشکردنە سەر دامەزراوەی سەرەکیی ئەتۆمی ئێرانی لە گەورە راوێژکارانی کردووە.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی لە زاری چوار بەرپرسی باڵای ئەمەریکییەوە دەڵێ، هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ گەورە یاریدەدەرانی بۆ ئاسایشی نیشتمانی، داوای بژاردەی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کردووە، بەڵام راوێژکارەکان ترەمپیان رازی کردووە بەوەی؛ هەنگاوێکی لەو شێوەیە، دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورە لە ناوچەکە، لە کۆتاییشدا ترەمپ رازی بووە، ئەو هەنگاوە نەنێت.

بەگوێرەی رۆژنامەکە، کۆبوونەوەکە رۆژی سێشەممەی رابردوو لە نووسینگەی هێلکەیی کە بە ئۆڤاڵ ئۆفیس ناسراوە لە کۆشکی سپی کراوە، ئەمەش پێش رۆژیک بووە لە بڵاوبوونەوەی راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، کە ئاماژەی بەوە کردووە ئێران پێشێلی رێککەوتنی ئەتۆمی کردووە.

بەرپرسەکان بە نیویۆرک تایمیزیان گوتووە؛ ترەمپ رەنگە بەردەوام بێت لە پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر هاوپەیمانان و بەرژەوەندییەکانی ئێران، بۆ نموونە میلیشیاکانی (سەر بە ئێران) لە عێراق.

دۆناڵد ترەمپ لە مانگی ئایاری 2019 تاکلایەنە ئەمەریکای لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015ـی ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک کشاندەوە، هەروەها ئابڵۆقەی ئابووریی خستەوە سەر ئێران، هەر لە ساڵی 2019ـشدا ئێران رایگەیاند پیتاندنی یۆرانیۆم زیاتر دەکات.

 

هـ.ر.