"بڕیارەكەی کازمی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە"

"بەغدا دانی بە دەروازە لاوەکییەکان ناوە و بە فەرمی دەکرێن"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لەبارەی فەرمانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە داخستنی دەروازە نافەرمییەکان، ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی رایگەیاند، ئەو بڕیارە دەروازە لاوەکییەکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بەڵکو ئەو دەروازانە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دانیان پێدانراوە و لیژنەیەکی حكومەتی عێراق سەردانی کردوون،و بڕیارە ئەو دەروازانە بە فەرمی بکرێن.

بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان، روونیكردەوە: "ئەو بڕیارە ھەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، بەڵكو ئەو دەروازانە دەگرێتەوە كە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقن، كە دیارە كۆمەڵێك دەروازەی سنووری نایاسایی ھەن، سەرۆك وەزیرانی عێراق ھێزە ھاوبەشەكانی راسپاردووە، ئەو دەروازانە دابخەن، كە ئەو بڕیارە بەشێكە لەو چاكسازیانەی رایگەیاندووە".

گوتیشی: "ھەرێمی كوردستان چوار دەروازەی نێودەوڵەتی ھەیە، كە كاری بازرگانی و گەشتیاری تێدا دەكرێت، ھەروەھا پێنج دەروازەی دیكە ھەن كە دەروازەی لاوەكین، ئەو دەروازانە لەلایەن حكومەتی عێراق دانیان پێدانراوە و فەرمانی كاركردنمان لەو دەروازانە ھەیە، تا ئەو كاتەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیاریان بۆ دەدات".

ساماڵ ئەحمەد، ئاماژەی بەوەشدا: "ساڵی رابردوو لیژنە وەزارەتە ھاوبەشەكانی حكومەتی عێراق سەردانی دەروازە سنوورییە لاوەكییەكانی ھەرێمی كوردستانیان كرد و راپۆرتی خۆیان لەو بارەوە داوەتە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق".