گەنجێكی كورد لە سوید كوژرا

لە ھۆتێلێكی ستۆکهۆڵم كوژراوە

K24 - رانیە

لە رووداوێکی نادیاردا، گەنجێکی کوردی خەڵکی قەزای رانیە لە وڵاتی سوید کوژرا.

گەنجێكی خەڵكی قەزای رانیە بەناوی بڵێسە عومەر کوێخا سابیر لە ستۆكھۆڵم كوژرا، تائێستا ناسنامەی بكوژانی ئەو گەنجە ئاشكرا نەكراوە و وردەكاری لەسەر رووداوەكە نەخراوەتەڕوو.

باوكی بڵێسە، ئەندامی پێشووی جڤاتی بزووتنەوەی گۆڕانە و خۆشی پێشتر بۆ ماوەیەك لە کۆبانێ لەگەڵ هێزەکانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) چەکی هەڵگرتووە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردستان24، دوێنێ تەرمی بڵێسە لە هۆتێل شیڕاتۆن له ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید دۆزراوتەوە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بۆ میدیاکان، عومەر کوێخا سابیر ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان و باوکی بڵێسە، ئاشکرای کرد، بڵێسەی کوڕەکەی رەگەزنامەی سویدی هەیە و لەدایکبووی ساڵی 1980، ھاوسەرگیری نەكردبوو.

راشیگەیاند: "ھیچ کێشەیەكمان لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێک نییە و پەنجەی تۆمەتیش بۆ هیچ کەس و پارت و دەوڵەتێک راناکێشین، پۆلیسی سوید سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لەبارەی رووداوی كوشتنی كوڕەكەمان".

ئەم گوتانەی باوكی بڵێسە، لە كاتێكدا بەشێک لە چالاکوانان و لایەنگرانی پەکەکە دەزگای هەواڵگری تورکیایان بە كوشتنی تۆمەتبار كردووە.

عومەر کوێخا سابیر، روونیكردەوە، بڵێسەی كوڕی ماوەی هەفتەیەکە گەڕاوەتەوە سوید و کوڕەکانی دیكەشی لەوێن و ئەمڕۆش کوڕێکی دیكەی گەڕاوەتەوە سوید تاکو ئاگایان لە دۆسێکە بێت. چونکە تاکو ئێستا نازانن کوڕەکەیان کوژراوە یان خۆی مردووە و دۆسێکە لای پۆلیسە.

گەنجێكی كورد لە سوید كوژرا
گەنجێكی كورد لە سوید كوژرا