پڕۆژەی دروستكردنی سایلۆی رووڤیا گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی

بۆ ساڵی داھاتوو گەنمی جوتیاران وەردەگرێت
kurdistan24.net

K24 – ئاكرێ

پڕۆژەی دروستكردنی سایلۆی رووڤیا، یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكان و بە تەواوبوونی خزمەتێكی بەرچاو بە جوتیارانی ناوچەكە دەكات، ئێستا كاركردن لە پڕۆژەكە گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی و بڕیارە ساڵی داھاتوو، گەنمی جوتیاران وەربگرێت.

ئەندازیار عیماد محەمەد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە بە كوردستان24ی گوت: "پڕۆژەكە بەشێوازی مۆدێرن دروستكراوە و چەند بەشێكی گرنگ لە خۆدەگرێت، بە گوژمەی 17 ملیار دینار جێبەجێ دەكرێت، بڕیاربوو ئەمساڵ تەواو بكرێت، بەڵام بەھۆی ئەو قەیرانەی لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا سەریھەڵدا دواكەوت".

ئاماژەی بەوەشكرد: "كاركردن لە پڕۆژەكە بەردەوامە و گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی، بۆ ساڵی داھاتوو گەنمی جوتیارانی سنوورەكە لەم سایلۆیە وەردەگیرێت".