ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین.. پڕۆژه‌ی پردی ده‌ربه‌ندی رانیه به‌ گوژمه‌ی 11 ملیار دینار جێبه‌جێده‌كرێت

پڕۆژەکە بە تەکنیکێكی ئەندازەیی نوێ جێبەجێ دەکرێت

K24 – ھەولێر:

پردی دەربەندی رانیە ـــ بنگرد کە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو بەردی بناغەی لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە دانرا، بەگوژمەی زیاتر لە 11 ملیار دینار کەوتە بواری جێبەجێکردن.

کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە گوتی: پڕۆژەکە بە تەکنیکێك کە شێوازێکی ئەندازەیی نوێیە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت، ئاماژەی بەوەش كرد، شەو و رۆژ کاردەکەن تا زووتر لە وادەی خۆی پڕۆژەکە تەواو بکەن.

پڕۆژەکە یەکێك لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژیەکانی سنووری راپەڕینە، ئه‌و ناوچه‌یه‌ بە پارێزگای سلێمانییه‌وه‌ دەبەستێتەوە و بەگوژمەی زیاترلە 11 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێ .

پڕۆژەی پردی دەربەندی رانیە لە لایەن کومپانیاییەکی ناوخۆیی بە توانست و لێھاتوویی ستافێکی تەواو ناوخۆیی جێبەجێ دەکرێت.

ھیوا عەبدوڵڵا، ئەندازیاری سەرپەرستیاری پڕۆژەکە گوتی: شەو و رۆژ کاردەکەین تا زووتر لەوادەی خۆی پڕۆژەکە تەواو بکەین.

دروستکردنی پردێکی نوێ لە دەربەندی رانیە، لەکاتێکدایە پردی ئێستای دەربەندی رانیە گرفت و مەترسی بۆ ھاتووچۆ تێدا دروست بووە و لەڕابردووا ھاتووچۆی ئۆتۆمبێلی بارھەڵگری بەسەردا قەدەغە کرابوو.

ئەو پردە جگە لەسوودی ھاتووچۆ بۆ ھاووڵاتیان سوودی گەشتیاری و بازرگانیشی ھەیە و کارئاسانی بۆ جوتیاران و گوندنشینانی بەری مەرگە و بنگرد و قەزای دوکانیش دەکات.