روحانی: سزاكانی ئەمەریكا كاریگەری لەسەر ئابووری ئێران ناكات

"حكومەتی ئێران رێگەی بەو لایەنانە نەدا ئامانجی خۆیان بپێكن"

K24 - ھەولێر

سەرۆك كۆماری ئێران رایدەگەیەنێت، ئابووری ئێران سەرەڕای سزاكانی ئەمەریكا، پێشكەوتن بەخۆوە دەبینێت.

حەسەن روحانی، سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی ئەمەریكا لە مانگی ئابی 2018 سزای سەپاندەوە سەر ئابووری ئێران، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئابووری وڵاتەكە پێشكەوتن بەخۆوە دەبینێت.

روحانی، راشیگەیاند. حكومەتەكەی لە جێبەجێكردنی پلانەكانی بۆ پاڵپشتی ئەو ھاووڵاتییانەی زۆرترین زیانیان به‌ركه‌وتووه‌ بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەشدا، ھەرچەندە ئابووری ئێران بەھۆی سزاكانی ئەمەریكاوە زیانی زۆری تۆماركردووە، بەتایبەت به‌ كشانه‌وه‌ی واشنتن لە رێككەوتنی ئەتۆمی، بەڵام حكومەتی ئێران رێگەی بەو لایەنانە نەدا ئامانجی خۆیان بپێكن، كە سزایان بەسەر ئابووری ئێراندا سەپاندووه‌.

ئەوەش لە كاتێكدایە ھەناردەی نەوتی ئێران بەھۆی سزاكانی ئەمریكاوە، لە 3 ملیۆن و 900 ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەوە بۆ دوو ملیۆن بەرمیل نەوت داكەوتووە.