عەسائیب ئەهلولحەق خۆی لە هێرشە مووشەکییەکەی سەر ناوچەی سەوز بێبەری دەکات

لە ھێرشەكەدا منداڵێك كوژرا و پێنج كەسی دیكەش برینداربوون

K24 – ھەولێر

عەسائیب ئەهلولحەق رایدەگەیەنێت، ئەوان دەیانەوێت تۆڵە لە ئەمەریكا بكەنەوە، بەڵام ھێرشەكەی شەوی سێشەممەی رابردوو ئەوان ئەنجامیان نەداوە.

عودەی عەواد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی سادیقون، کە سەربە میلیشیای عەسائیب ئەهلولحەقە رایگەیاند، راستە گرووپە چەکدارەکان دەیانەوێت تۆڵە لە هێزەکانی ئەمەریکا بکەنەوە، بەڵام ئەوان هێرشە مووشەکییەکەی ئەمجارەیان ئەنجام نەداوە، ئەوانەشی ئەو کارەیان کردووە، کۆمەڵێکی سەرکێش و نەزانن.

گوتیشی "بە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانمان راگەیاندووە، ئێمە لەو هێرشانە بەرپرس نین".

شەوی 17/11/2020 جارێكی دیكە ھێرش کرایە سەر ناوچەی سەوز، لە ئەنجامدا منداڵێك كوژرا و پێنج کەسی دیكەی سڤیل برینداربوون. دوێنێ گرووپی ئەسحابولکەهف بەرپرسیارییەتی خۆیی لەو هێرشە مووشەکییە راگەیاند.