برایەکی فرسەت سۆفی باسی دوایین 10 خولەک دەکات کە بەیەکەوە قسەیان کردووە

"وەسیەتی کرد بیگەڕێنینەوە کوردستان و بینێژین"

K24 - هەولێر

تەرمی فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر لە فڕۆکەخانەوە لە ئەنقەرە بەڕێکرا بۆ هەرێمی کوردستان، برایەکیشی کە لە نەخۆشخانە لەگەڵیدا بووە، لەڕێگەی کوردستان24ـەوە باسی دوایین 10 خولەک دەکات کە بینیویەتی و وەسیەتی بۆ کردووە.

زاهیر سۆفی، برای فرسەت سۆفی پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر، باسی لە دوایین رۆژەکانی ژیانی فرسەت سۆفی کرد و، دەڵێ "لە کۆتاییەکاندا رەوشی فرسەت بەرەو خراپی دەچوو، بۆیە هێنامانە ئەنقەرە، لێرە لەژێر چارەسەری پزیشکیدا بوو... سەرەتا رەوشی تەندروستیی بەرەو باشی دەچوو، بەڵام لەناکاو رەوشی تێکچوو بەرەو خراپی، تاوەکو گیانی لەدەستدا".

سەبارەت بە دوایین وەسییەتی فرسەت سۆفی و هیوا و داخوازییەکانی، زاهیر سۆفی دەڵێ "من ئەوەندە قسەم لەگەڵ نەکرد، تەنیا 10 خولەک بینیم و قسەم لەگەڵدا کرد، وەسیەتی ئەوە بوو بگەڕێتەوە کوردستان و لە کوردستان بنێژرێت".

فرسەت سۆفی، 41ـەمین پارێزگاری هەولێر، بەوە ناسرابوو لەگەڵ هەموو لایەنەکان کەسێکی لەسەرخۆ و هێمن و بەردەوام هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی داوە بەڕێگەی نەرم، بەیانیی دوێنێ (چوارشەممە، 18-11-2020) دوای 30 رۆژ لە تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەو پەتایە گیانی لەدەستدا.

 

هـ.ر.