مەسرور بارزانی: پشتیوانیی خۆم بۆ بابەشێخی نوێی ئێزدیان رادەگەیەنم

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی دیاریکردنی بابەشێخی نوێ

K24 - هەولێر

بابەشێخی نوێی ئێزدیان، دوێنێ لە مەراسیمیکدا لە پەرستگەی لالش، دەستبەکاربوو. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش وێڕای پیرۆزباییکردن، پشتیوانیی خۆی بۆ رادەگەیەنێت.

رۆژی شەممەی رابردوو، ئێزدییەکان عەلی ئیلیاس حاجی ناسریان وەکو بابەشێخی نوێ دەستنیشانکرد، پێش ئەویش، خەرتوو حاجی ئیسماعیل، بابەشێخ بوو، کە مانگی رابردوو کۆچی دواییکرد.

بابەشێخی نوێی ئێزدیان، لەدایکبووی ساڵی 1979ـیە لە سنووری پارێزگای دهۆک، خێزاندارە و چوار منداڵی هەن. باوکیشی لە ساڵانی 1978 بۆ 1995 بابەشێخ بووە.

دەقی پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی دیاریکردنی بابەشێخی نوێ:

بەبۆنەی دەستنیشانکردنی بەڕێز شێخ عەلی ئیلیاس وەک بابەشێخی ئێزدییان، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی میر حازم و بابە شێخ عەلی و جڤاتی رۆحانیی و هەموو خوشک و برایانی ئێزدیمان دەکەم.

هیوادارم جەنابی بابەشێخ لە ئەرکی نوێی خۆیدا سەرکەوتوو بێت و بتوانێت خزمەتی جڤاک و ئایینی ئێزدیان بکات، لێرەوە پشتیوانیی خۆمی بۆ رادەگەیەنم.

هیوادارم پڕکردنەوەی ئەو پلە ئایینییە و ئەو رووداوە لە ژیانی ئایینی ئێزدیاندا ببێتە هەوێنی یەکڕیزی و تەبایی لەنێو جڤاکی ئێزدی و ئێزدخاندا و ببێتە دەرفەتیک بۆ دەربازبوون لە ژیانی ئاوارەیی و کۆتاییهاتنی تەواوی ناخۆشی و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێن و ماڵی خۆیان و ئاوەدانبوونەوەی دەڤەری ئێزدییان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، رژدە لەسەر پاراستن و رێزگرتنی تایبەتمەندیی ئایینی ئێزدییان و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی کوردستان لەپێناو بەهێزکردنی گیانی پێکەوەژیان.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەریمی کوردستان

 

 

هـ.ر.