تەندرووستی جیھانی: "ریمدیسیڤیر" بۆ چارەسەری تووشبووانی كۆرۆنا بەكارنەھێنن

تا ئێستا ھیچ بەڵگەیەك نییە لەسەر ئەوەی ئەو دەرمانە كاریگەری ھەیە

K24 – ھەولێر:

رێكخراوی تەندرووستی جیھانی، ئەمڕۆ ھەینی رایگەیاند، دەرمانی "ریمدیسیڤیر"ی دژە ڤایرۆس بۆ چارەسەری نەخۆشانی پەتای كۆرۆنا بەكارنەھێنن ھەرچەند حاڵەتەكەیان مەترسیدار بێت.

گوتیشی: تا ئێستا ھیچ بەڵگەیەك نییە لەسەر ئەوەی ئەو دەرمانە كاریگەری ھەیە لە چارەسەركردنی نەخۆشانی ڤایرۆسی كۆرۆنا یاخود كەمكردنەوەی ھەناسەدانی سییەكان.

رێكخراوی تەندرووستی جیھانی دەستی بە لێكۆڵینەوە كردبوو لەسەر دەرمانی "ریمدیسیڤیر" وەك دەرمانێك، كە ئەگەری كارامەیی ھەیە لەسەر چارەسەركردنی نەخۆشانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە حاڵەتە توندەكاندا، بەڵام لەچارەسەری راستەقینەدا رۆڵی روون نییە.

مانگی رابردوو، ئاژانسی ئەمەریكایی بۆ دەرمان، رێگاپێدانێكی تەواوی دا بە بەكارھێنانی دەرمانی "ریمدیسیڤیر" بۆ چارەسەركردنی نەخۆشانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكاندا، دوای ئەوەی لە مانگی ئایاری رابردوو رێپێدانێكی مەرجداری بۆ بەكارھێنانی پێدرا.

كۆمپانیای "گلعاد"ی درووستكەری دەرمانی "ریمدیسیڤیر" رایگەیاند ئەو رێپێدانی وەرگرتووە بۆ ئەو دەرمانەی، كە لەژێر ناوی ناوی"فیكلۆری" دەفرۆشرێت و روونیكردەوە "ریمدیسیڤیر" چارەسەری تایبەتە بۆ كۆڤید 19 و تاكە دەرمانە تاكو ئێستا رێپێدانی تەواوی بەدەستھێنابێت بۆ چارەسەری كۆرۆنا.

پاش ئەوەی ئەو دەرمانە بۆ چارەسەری سەرۆكی ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپ بەكارھات دوای تووشبوونی بەڤایرۆسی كۆرۆنا زیاتر رووناكی خرایەسەر.