هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا.. ئەوەی تائێستا روونبووەتەوە

K24 - هەولێر

ئەو سیناریۆیەی بەشێکی زۆری خەڵک لێی دەترسان، هاتەدی: رۆژی 3ی نۆڤەمبەر هات و رۆیشت بەبێ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا دیار بێت. تائێستا نازانرێت دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان، یان جۆ بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان سەرکەوتوو بووە.

بەشێکی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان:

ئەنجامی کوێ ماوە؟

بەپێی گوتەکانی هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ و بایدن، هەروەها میدیاکانی ئەمەریکا، ئەوە روونبووەتەوە لە دەنگە ژمێردراوەکان تائێستا بایدن 238 ده‌نگی بەدەستهێناوە له‌ ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵبژاردن، لەبەرامبەردا تا ئێستا ترەمپ 213 ده‌نگی هێناوه‌.

لەکاتێکدا هەردوو کاندید هەوڵدەدەن 270 ده‌نگ لە کۆی 538 ده‌نگی نوێنه‌رانی ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵبژاردن بەدەستبهێنن، جۆو بایدن لە وتاری بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لەدوای داخستنی بنکەکانی دەنگدان رایگەیاند لە ئەریزۆنا بردوویەتییەوە.

ئەوەی هەتاوە ئێستا ئەنجامی دیار نییە هەریەک لە ویلایەتەکانی: جۆرجیا، میشیگان، کارۆلاینای باکوور، پەنسلڤانیا و ویسکۆنسنن، بەڵام پێشبینیکردنی ئەنجامەکانی هەردوو ویلایەتی ئالاسکا و نیڤادا ئەوەندە زەحمەت نییە بەگوتەی شارەزایان، کە دەڵێن کۆمارییەکان لە ئالاسکا و دیموکراتەکانیش لە نیڤادا براوەدەبن.

کەی ئەنجامەکە دەردەچێت؟

بەرپرسانی زۆربەی ویلایەتەکانی ئەمەریکا کاتی پێویستیان ئاشکراکردووە بۆ راگەیاندنی ئەنجامەکان لەو ویلایەتانەدا، کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەم هەڵبژاردنەی ئەمەریکا ژمارەیەکی پێوانەیی لەڕووی زۆریی دەنگدان بە پۆستە تۆمارکراوە.

هەریەک لە جۆرجیا، میشیگان و ویسکۆنسن ئاماژەیان بەوەداوە رەنگە دوا وێنەی هەڵبژاردنەکە ئەمڕۆ (چوارشەممە، 4-11-2020) دەربچێت، بەڵام پەنسلڤانیا دەڵێ رەنگە تاوەکو شەشی نۆڤەمبەر بەدیار نەکەوێت، لەهەمان کاتدا لە کارۆلاینای باکوور رەنگە بگاتە 12ـی ئەم مانگە.

هەرچەندە ئەم زانیارییانە هەن، بەڵام لە راستیدا هێشتا دیمەنەکە روون نییە. لە نامەیەکی کراوەدا جیم کێنی، شاره‌داری فیلادیلفیا داوای لە خەڵکی پەنسلڤانیا کرد "ئارام بگرن".

دەکرێت چی رووبدات؟

لەکاتێکدا بایدن بە متمانەوە قسەیکرد لە گوتارەکەی، به‌ڵام سەرۆک ترەمپ هەنگاوێکی گەورەتری هاویشت و گوتی سەرکەوتووە، تەنانەت هەڕەشەی کرد دەچێتە دادگای باڵا بۆ ئەوەی "رێگری لە ساختەکاری" بکات.

ترەمپ گوتی دەیەوێت هەموو دەنگدانێک بوەستێت، کە پێدەچێت مەبەستی بووبێت بڵێ "دەبێت ژماردنی سەرجەم دەنگەکان بوەستێنرێت، کە لە رێگەی پۆستەوە دراون".

شارەزایان دەڵێن دیموکراتەکان لە دەنگدان لەڕێگەی پۆست، دەنگی زیاتریان بەدەستهێناوە بەراورد بە ترەمپی کۆماری. لایەنگرانی ترەمپ دەڵێن ستراتیژییەکی توند پەیڕەو دەکەن لە پەنسلڤانیا بۆ ئەوەی ئەو دەنگانەی لەدوای هەڵبژاردن گەیشتوون، نەژمێردرێن.

لەبەرامبەردا تۆم وۆڵف، حاکمی ویلایەتەکە کە دیموکراتە ئەمڕۆ تویتێکی کردووە و دەڵێ ملیۆنێک دەنگ ماوە بژمێردرێن، "وەک پەیمانم بە پەنسلڤانییەکان دابوو، هەموو دەنگەکان دەژمێرین، ئەمەش ئەو شتەیە کە دەیکەین".