قەیرانی دارایی عێراق قووڵتر دەبێتەوە

ساڵانە عێراق بۆ خەرجکردنی مووچە، پێویستی بە 62 ملیار دۆلارە

K24 - ھەولێر

بۆ خەرجکردنی مووچە، ساڵانە عێراق پێویستی بە 62 ملیار دۆلارە، کەچی تاوەکو مانگی ئەیلوول داهاتی 30.2 ملیار دۆلار بووە.

داکەوتنی نرخی نەوت و بەرزبوونەوەی خەرجییەکانی کەرتی گشتی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گوشارێکی گەورەیان کردووەتە سەر ئابووری عێراق،و حکومەت دووچاری گرفت بووە لە دابینکردنی مووچە لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا.

حکومەتی عێراق مووچەی نزیکەی 7 ملیۆن کەس خەرج دەکات، کە لە فەرمانبەران، خانەنشینان، زیندانیانی سیاسی، کەسوکاری شەهیدان و چاودێری کۆمەڵایەتی پێکدێن، و قەبارەی خەرجی مووچەکەنیان ساڵانە 62 ملیار دۆلارە، لەکاتێکدا داهاتی نەوتی عێراق لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو مانگی ئەیلوول 30 ملیار و 200 ملیۆن دۆلارە، حکومەت بەرێژەی 93% پشت بە داهاتی نەوتی دەبەستێت.

ئەوەش وایکردووە حکومەت پەنا بۆ وەرگرتنی سیاسەتی قەرزی ناوخۆیی ببات و ئەو کورتهێنانەی لە بودجەی گشتی بۆی دروستبووە پڕی بکاتەوە، تا لە رێگەیەوە مووچە دابینبکات، ئەوەش وایکردووە قەرزی ناوخۆیی لە 32 ملیارەوە بۆ 43 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار تاوەکو مانگی ئاب بەرزبێتەوە، کە زۆرینەی قەرزەکان لە بانكی ناوەندی و بانکە حکومییەکان کراوە، سەرەڕای ئەوەش حکومەت هەوڵدەدات لەم دوو مانگەی کۆتایی ئەمساڵدا 34 ملیار دۆلاری دیکە قەرز وەربگرێت بۆ ئەوەی ئەو کورتهێنانەی بۆ دروستبووە پڕی بكاتەوە.

لە لای خۆشیەوە بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاندووە، لە توانایدا نەماوە کورتهێنان پڕبکاتەوە، چونکە قەبارەی دراوی بیانی لە 65 ملیار دۆلاری سەرەتای ئەمساڵ بۆ 54 ملیار دۆلار دابەزیوە، قەبارەی ئەسپاردە بۆ بانکە حکومییەکان بۆ کەمترین ئاستی دابەزیوە، بۆیە لە توانایدا نەماوە قەواڵە حکومییەکان بکڕێتەوە.

بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، حکومەتی عێراق پەنای بۆ دامەزراوە جیهانییەکان و بە تایبەت حەوت وڵاتە پیشەسازییەکەی ئەمەریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، کەنەدا و فەرەنسا. سەرەڕای سدووقی نەختینەی نێودەوڵەتی بانکی جیهانی، بۆ ئەوەی راوێژی لەبارەی کارگێڕی قەیرانی دارایی بە عێراق بدەن و ئابوورییەکەی هەمەچەشن بکات. بۆ ئەوەش گرووپێکی پەیوەندی ئابووری بۆ عێراق دامەزراوە، کە خەرجی دامەزراندنەکەی لە ئەستۆی بەریتانیایە.

لە لایەکی دیکەوە مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی داهاتی نەوتی و لێکەوتە نەرێنییەکانی لەسەر ئابووری، بەغدا پێویستی بە هاوپەیمانییەکی دارایی و ئابووری لەگەڵ وڵاتانی زلهێز هەیە.