پەرلەمانی كوردستان دیاردەی كۆچی گەنجان تاوتوێ دەكات

پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە

K24 – ھەولێر

پەرلەمانی كوردستان رۆژی چوارشەممە 25/11/2020 كۆدەبێتەوە،و یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردنە لەبارەی راپۆرتی لیژنەی رەوەندی كوردستانی سەبارەت بە كۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات.

لە بانگھێشتنامەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بۆ پەرلەمانتاران ئاماژە بەوەكراوە، دانیشتنی ژماره‌ (10)ی ئاسایی خولی پاییزه‌ی ساڵی دووه‌م له‌خولی هه‌ڵبژاردنی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ كاتژمێر 11ى پێشنیوه‌ڕۆی رۆژی چوارشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 2020/11/25، بەڕێوەدەچێت.

بەگوێرەی بەرنامەی كاری دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، لە كۆبوونەوەكەدا بە ئامادەبوونی وەزیری رۆشنبیری و لاوانی ھەرێمی كوردستان، خوێندنەوە و گفتوگۆ لەبارەی راپۆرتی لیژنەی رەوەندی كوردستانی سەبارەت بە دیاردەی كۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات دەكرێت.

ھەروەھا لە كۆبوونەوەی داھاتووی پەرلەمان خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای فرۆشتن و بەكرێدانی مایەكانی دەوڵەت لە ھەرێمی كوردستان دەكرێت.