رێبه‌ر ئه‌حمه‌د: سیستەمی هاتووچۆ پێویستی بە نوێکردنەوەیە و یەکەم هەنگاو بۆ بەدیجیتاڵکردنی گیرایه‌به‌ر

گرێبەستێک لەنێوان وەزارەتی ناوخۆ و کۆمپانیایەکی ئەڵمانی واژۆکرا

 

K24 - هەولێر

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەشبینە بە واژۆکردنی گرێبەستێک لەلایەن وەزارەتەکەی و کۆمپانیایەکی ئەڵمانی و، دەڵێ "ئەم گرێبەستە دەبێتە بنەمایەک بۆ بەدیجیتاڵکردنی وەزارەتی ناوخۆ".

بە سەرپەرشتی و پاڵپشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 25-11-2020) لە هەولێر گرێبەستێک لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەت و، کۆمپانیای میولباوەری ئەڵمانی لە بواری هاتووچۆ واژۆکرا.

لە مەراسیمەکەدا، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند "ئەمڕۆ گرێبەستێکی ستراتیژی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای میولباوەری ئەڵمانی واژۆدەکرێت، کە تایبەتە بە خزمەتگوزاری مۆڵەتی شۆفێری، ساڵیانە و تۆمارکردنی کڕین و فرۆشتنی هەموو ئەو ئامێرانەی لە سیستەمی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان کاری پێدەکرێت".

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراقی فیدراڵ هەماهەنگی کردووە بۆ ئەوەی هەردوولا سوود لەو سیستەمە مۆدێرنە وەربگرن و شێوازی مۆڵەت، ساڵیانە و تۆمارکردن بگۆڕن بۆ شێوازی دیجیتاڵی و لەوبارەیەوە هاوڕا بوون.

رێبەر ئەحمەد لە بەشێکی گوتەکانی ئاشکرای کرد "لە وەزارەتی ناوخۆ دەستمان داوەتە پرۆسەی چاکسازی لە سیستەمی هاتووچۆ، چونکە ئەم سیستەمە ساڵانیکی زۆرە ئیشی پێدەکرێت و پێویستی بە نوێکردنەوەیە".

دەستپێکردنی چاکسازی لە سیستەمی هاتووچۆ لەکاتێکدایە، رۆژانە ژمارەیەکی زۆر رووداوی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان تۆماردەکرێن، هەروەها ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی بەهۆیەوە گیان لەدەستدەدەن یان بریندار دەبن.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدوای دەستبەکاربوونییەوە بودجەی تایبەتی بۆ نۆژەنکردنەوەی رێگاکان و دروستکردنی چەندین رێگا و شەقامی گەورە تەرخانکردووە، لەوانە 150 مەتری لە هەولێر و 100 مەتری لە سلێمانی، ئەمەش جگە لە نۆژەنکردنەوەی رێگاکانی نێوان پارێزگاکان.

بەدیجیتاڵکردنی سیستەمی هاتووچۆ، هەنگاوێکی سەرەتاییە بۆ پێداچوونەوە بە تەواوی سیستەمەکە، وەزیری ناوخۆ جەخت دەکاتەوە لەوەی "بەرنامەی حکومەت لە سیستەمی هاتووچۆ ئەوەیە؛ کۆنفرانسێکی گشتی رێکبخرێت بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە یاسا و رێنماییەکان بکرێت".

وەزارەتی ناوخۆ لیژنەی پێویستی بۆ ئەو مەبەستە پێکهێناوە و رێبەر ئەحمەد هەروەها دەڵێ "زۆر سوپاسی جەنابی سەرۆکی حکومەت، رێزدار مەسروور بارزانی دەکەین، کە لە هەموو ئەو هەنگاوانەدا لەگەڵمان بووە و پاڵپشت بووە، ئامادەبوونیشی لێرە ئەمڕۆ لەگەڵمان، گەورەترین پاڵپشتییە بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەی چاکسازییە لە سیستەمی هاتووچۆ جێبەجێ بکرێت".

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی، وەزیری ناوخۆ رایگەیاند "ئەو گرێبستە جگە لەوەی دەبێتە هۆی ئەوەی خزمەتگوزارییەکان بەشێوازێکی ئاسانتر و رێکوپێکتر بگەنە هاووڵاتییان، لە هەمان کاتدا دەبێتە بنەمایەک بۆ بەدیجیتاڵکردنی وەزارەتی ناوخۆ، ئەمەش دەبێتە بنەمایەک بۆ بەدیجیتاڵکردنی تەواوی فەرمانگە و وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تەواوی وەزارەتەکان دەتوانن سوود لە تەواوی داتاکان وەربگرن، کە لە سیستەمی هاتووچۆ تۆماردەکرێن".

لەبارەی کاتی جێبەجێکردنی پرۆژەکەش، وەزیری ناوخۆ لە کۆتایی گوتارەکەی رایگەیاند "جێبەجێکردنی خودی پرۆژەکە ماوەی شەش مانگی پێویستە، دواتر لە شەش مانگی دوای ئەوە تەواوی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێویستە بگەنە هاووڵاتییان لە ماوەی 12 مانگی داهاتوو، هاووڵاتییان سوودمەند دەبن لەو خزمەتگوزارییانە".

 

هـ.ر.