لە سلێمانی پیاوێک هاوسەرەکەی و خەسووی بە چەقۆ بریندار دەکات

کێشەکەی لەگەڵ هاوسەرەکەی هەبووە و هێرشی کردووەتە سەر ماڵە خەزوورانی

K24 - هەولێر

بەهۆی ئەوەی کێشەی لەگەڵ هاوسەرەکەیدا هەبووە، شەوی رابردوو پیاوێک لە سلێمانی هێرشی کردووەتە سەر ماڵی خەزوورانی، هاوسەرەکەی و خەسووی بە چەقۆ بریندار کردووە.

سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە کوردستان24ـی رایگەیاند "رووداوەکە شەوی رابردوو (سێشەممە، 24-11-2020) لە گەڕەکی تاسڵوجە روویداوە. پیاوەکە بەھۆکاری ئەوەی کێشەی لەگەڵ خێزانەکەیدا ھەبووە، ھێرشی کردووەتە سەر ماڵی باوکی ھاوسەرەکەی و، بە چەقۆ ھێرشی کردووەتە سەر ھاوسەری و خەسووی".

گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی هەروەها گوتی "ئێستا هاوسەری پیاوەکە و خەسووی، لە نەخۆشخانەن و دۆخی تەندروستیان جێگرە. ئەو کەسەشی ھێرشەکەی کردووە، دەستگیرکراوە".