لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل، هەشت چەکداری سەر بە ئێران لە سووریا کوژران

بەر لە نیوەشەوی رابردوو، ئیسرائیل هێرشەکەی ئەنجامدابوو

K24 - هەولێر

هێرشی شەوی رابردووی فڕۆکە جەنگییەکان ئیسرائیل لە سووریا بووە هۆی کوژرانی لانیکەم هەشت چەکداری ئەو میلیشیایانەی سەر بە ئێرانن، بەپێی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ.

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر جبەخانە و بنکەیەک بوو کە هێزە ئێرانییەکان و حیزبوڵڵای لوبنانیی هاوپەیمانیانی لێ بوو لە نزیک دیمەشق، هەروەها بۆ سەر میلیشیایەکی لایەنگری ئێران لە باشووری سووریا.

تاوەکو ئێستا ناسنامەی کوژراوەکان بەتەواوەتی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام روانگەی سووری جەخت دەکاتەوە لە ئەنجامی هێرشەکەدا، هەشت چەکداری سەر بە ئێران کوژراون.

تەلەڤیزیۆنی فەرمیی حکومەتی سووریا (سانا) رایگەیاندبوو، "بەر لە نیوەشەو (شەوی سێشەممە) باشووری دیمەشق کرایە ئامانجی هێرشێکی دوژمنکارانی زایۆنی".

سانا هەروەها رایگەیاندبوو هێرشێکی دیکەش بۆ نزیک گوندێکی باشووری قونەیتیرە ئەنجامدراوە، بەبێ ئەوەی ئاشکرا بکات هیچ زیانێکی گیانی هەبووە یان نا.

بەگشتی تائێستا ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی و زەمینی کردووەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی سووریا، لە هێرشەکانیشیدا هێزەکانی سووریا، ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان دەکاتە ئامانج، کە پاڵپشتی لە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا دەکەن.

 

هـ.ر.