رێژەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان کەمیکردووە

رێژەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە جیھان چەندە؟

K24 – ھەولێر:

25ی تشرینی دووەمی ھەموو ساڵێك بە رۆژی جیھانی توندوتیژی دژی ئافرەتان دیاری كراوە. لە ھەرێمی كورستانیش بە گوێرەی دوایین ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، رێژەی توندوتیژی دژی ئافرەتان بەھۆی كەرەنتین و ھۆشیاری كۆمەڵایەتییەوە كەمیكردوە، توێژەرێكی كۆمەڵایەتیش ئاماژە بە ھۆكارەكانی پەرەسەندنی توندوتیژی دەكات.

توندوتیژی و جۆرەكانی لە كۆمەڵگەی كوردی، سەرەڕای بوونی میدیا و راگەیاندنی بەردەوامى هەڵمەتى ھۆشیاری كۆمەڵایەتی لە لایەن ناوەندە كۆمەڵايەتى و رۆشنبيريەكانەوه، بەڵام تا ئێستاش لە سۆشیال میدیا زەق و بەرچاوە.

حاجی عزەدین، راوێژكاری یاسایی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان گوتی: بڕياردان لەسەر بابەتەكان لە سۆشیال میدیا و بەدوادانەچوون، پرسەكەی ئاڵۆز كردووە.

رۆژانە چەندین سمینار و وۆركشۆپی كۆمەڵایەتی و ھۆشیاری پێشكەش دەكرێن و لە رووی یاسایی، دەروونی و كۆمەڵایەتییەوه شيكردنەوەیان بۆ دەكرێت، بەڵام دیسان توندوتیژیە جەستەیی و دەروونییەكان و زۆر جار حاڵەتی كوشتنيش له هەڵكشانن.

رۆژە قادر، توێژەرێكی كۆمەڵایەتییە لەو بڕوایە دایە، ھۆكارەكەی تێنەگەیشتنە لە بابەتەكە و ئەوەش بە مەترسیدار ناو دەبات.

خۆكوشتن و خۆسوتاندن و توندوتیژی سێكسی لە ھەرێمی كوردستان بە بەراورد بە ساڵی رابردوو، بە پێی دوایین ئاماری بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی ئافرەتان لە ھەرێمی كوردستان كەمیكردوە. ئەمەش لە كاتێكدایە، بە گوتەی ئەو بەڕێوبەرایەتییە زۆر جار حاڵەتەكانی كوشتن، كە لە سۆشیال میدیا باس دەكرێن، بە ھۆی شەرم و عەیبە تا ئيستاش تۆمار نەكراون، هەنديكی دیكەش لە بەر دەستی پۆلیسە و پەیوەستیان نەكردووە بە پرسی توندوتیژی.