به‌هۆی ناكۆكی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بەشێك لە دامەزراوەكانی ھەڵەبجە به‌ وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ده‌برێن

تائێستا ئەنجومەنی پارێزگا پێك نەھێنراوە
kurdistan24.net

K24 - ھەڵەبجە

زۆرێک لە بەڕێوبەرایەتیە گشتییەکانی هەڵەبجە، لە پاش پێنج ساڵ لە بە پارێزگا بوونی شارەكە هێشتا پۆستەکانیان بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن، هۆکاری دانەنانی بەڕێوەبەرە گشتیەکانيش بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکان، بۆ رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان و نەبوونی ئەنجومەنی پارێزگا دەگەڕێندرێتەوە.

هەڵەبجە پێنج ساڵه بووەتە چوارەم پارێزگای هەرێمی کوردستان، بەڵام تائێستا زۆرێک لەبەڕێوبەرایەتیەگشتیەکانی ئەو پارێزگایە بە وکالەت بەڕێوە دەبرێن.

ستار مەحموود ماوەی چوار ساڵە بەڕێوەبەری گشتی کشتووکاڵی هەڵەبجەیە بە وەکالەت، دەڵێت "ئێمە وەک بەڕێوەبەرێکی گشتی هەمیشەیی دەسەڵاتی کارکردنمان هەیە، بەڵام هیچ ماف و ئیمتیازێکی بەڕێوەبەری گشتیمان نییە".

کاوە شێخ عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە كوردستان24ی گوت: "دانەنانی بەڕێوەبەرە گشتییەكان، ھۆكارەكەی ناكۆكی لایەنە سیاسییەكانە بە گشتی و یەكێتی و پارتی بە تایبەتی، پێم وایە ئێستا گەیشتوونەتە رێككەوتن كە ئەنجومەنی پارێزگا پێكبھێندرێت، دوای ئەوەش پۆستەكان یەكلادەبێتەوە ئەو پۆستانەی بە وەكالەت بەڕێوەدەبرێن، بەڕێوەبەری فەرمیان بۆ دیاردەكرێت".

لەدوای بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە، لە کۆی 13 بەڕێوەبەرایەتی گشتی 9 بەڕێوەبەرایەتی گشتی لە پارێزگای هەڵەبجە كراونەتەوە، سەرجەمیشیان بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن، ئەگەرچی ئەو کەسانەی پۆستی بەڕێوەبەری گشتی بەوەکالەت بەڕێوەدەبەن هەمان دەسەڵاتی بەڕێوەبەرێکی هەمیشەیی هەیە، بەڵام هەمان ماف و ئیمتیازی نابێت و لەکاتی  خانەنشین بوونیشیان بە هەمان ئەو پۆستەی پێشووتریان خانەنشین دەکرێن نەک بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی.