وەزارەتی دارایی عێراق پێنج ملیار دۆلار قەواڵە بڵاودەکاتەوە

کار لەسەر بەهێزکردنی ژێرخانی سەرجەم کەرتە ئابوورییەکان دەکات

K24 - ھەولێر

عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، کاردەکەن بۆ ئەوەی بە قەبارەی 3 بۆ 5 ملیار دۆلار قەواڵە بە دینار و دۆلار بخەنە بەر دەستی هاووڵاتییان.

وەزیری دارایی عێراق لە دیدارێکی لەگەڵ رابیتەی بانکە تایبەتەکان رایگەیاند، کەرتی بانکەکان بە یەکێک لە گرنگترین کەرتەکانی ئابووری دادەندرێت و بە ئامانجی جووڵەی ئابووری حکومەت پاڵپشتی لە بانکەکان دەکات.

روونیشیکردووە، جووڵەی چاکسازی ئابووری ئێستا زۆر جددیە و تەنانەت بۆ كابینەکانی داهاتووش بەردەوام دەبێت.

عەلاوی ئاماژەی بەوەدا، کە وەزارەتی دارایی کار لەسەر بەهێزکردنی ژێرخانی سەرجەم کەرتە ئابوورییەکان دەکات، بە تایبەت کەرتی بانکی بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە عێراق بەرەو پێش بچن.

لەهەمان کاتدا وەزیری دارایی ئاشکرای کرد، بە بەهای 3 بۆ 5 ملیار دۆلار قەواڵە دەخاتە بازاڕەوە، پێشبینی دەکات، بانکە تایبەت و حکومییەکانی کڕیاری بن، هاوکات.

ئاماژەی بەوەشكرد، کە ئاڵوگۆڕی دینار و دۆلار لە قەواڵەکە جێگیر دەبێت بۆ ئەوەی لە کاتی کڕینی هاووڵاتییان لە بانکەکانەوە دووچاری زیان نەبن.