پەرلەمانی عێراق کارەکانی لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستوور رادەگرێت

"لە دۆخی ئێستای عێراق هەموارکردنەوەی دەستوور ئەستەمە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ماوەی ساڵێکە لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستوور پێکهێندراوە و تا ئێستا نەیتوانیوە هیچ راپۆرتێک لەبارەی هەمواری دەستوور پێشکەش بکات، جێگری سەرۆكی پەرلەمان بە فەرمی داوای راگرتنی كارەكانی ئەو لیژنەیەی كردووە.

رێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی رایگەیاند: "ئەو لیژنەیە زیاتر لە ساڵێكە دەستبەكاربووە، بەڵام نەیتوانیوە ھیچ پێشنیازێك پێشكەش بە پەرلەمانەوە بكات، بۆیە بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە نووسراوێکدا داوای راگرتنی کارەکانی ئەو لیژنەی کردووە".

گوتیشی: "لە بارودۆخی ئێستای عێراق هەموارکردنەوەی دەستوور کارێکی ئەستەمە و کۆدەنگی لەسەر هەموارکردنەکە دروست نابێت".

روونیكردەوە: "دوو ماددە ھەیە باس لە ھەمواركردنەوەی دەستوور دەكات، ماددەی 142 و ماددەی 126، ماددەی 126 جێبەجێ ناكرێت تا ماددە 142 جێبەجێ نەبێت، چونكە بەگوێرەی دادگای فیدراڵ ئەو ماددەیە كۆتا و بنبڕە، بەڵام لە ماوەی دوو خولی رابردووش نەتوانراوە كارەكانیان تەواو بكەن و راپۆرت بە سەرۆكایەتی پەرلەمان بكەن، لەم خولەشدا نەتوانراوە بكرێت، چونكە دەبێ لەماوەی چوار مانگدا راپۆرت پێشكەش بكەن كە ئەم ماوەیە تێپەڕی و كارەكانیان تەواو نەكرد، تا ماددەی 142 ھەموار نەكرێتەوە دەستوور ھەموار ناكرێتەوە،  لە دۆخی ئێستای عێراق هەموارکردنەوەی دەستوور ئەستەمە".