پڕۆژەی فاستكەیر لە دەڤەری راپەڕین بارگرانی سهر نهخۆشخانهكانی كهم كردووهتهوه
K24- ھەولێر:
بۆ پشکنین و چارەسەری ئەو تووشبووانەی ڤایرۆسی کۆرۆنا كه رەوشی تەندرووستیان تاڕادەیەك باشە و پێویستییان بە نەخۆشخانە نیه و لەماڵەوە دەخرێنە ژێر چاودێری، تەندروستی راپەڕین و تیمەکانی پڕۆژەی فاستکەیر سەردانی نەخۆشانی کۆرۆنا لەناوچە جیاجیاکانی سنووری راپەڕین دەکەن.
ئەو تیمانە پێكدێن لە ستافێکی پزیشکی و بێ بەرامبەر سەردانی ئەو ماڵانە دەکەن، کە تووشبووی کۆرۆنا یان هەر نەخۆشێکی دیكەیان هەیە و پێویستییان بە چاودێریە.
هەر نەخۆشێك دووچاری کۆرۆنا دەبێت؛ مەرج نییە دۆخی تەندروستی خراپ بێت و پێویستی بە نەخۆشخانە بێت، بەشێك لە تووشبووانی کۆرۆنا لەماڵەوە دەمێننەوە و چارەسەر وەردەگرن.
تەندروستی راپەڕین لەگەڵ تیمەکانی فاستکەیر، چاودێری و پشکنین بۆ دۆخی ئەو تووشبووانەی کۆرۆنا دەکەن، کە لەماڵەوە چارەسەر وەردەگرن و دۆخی تەندروستیان هێندە ناجێگیر نیە تا بگوازرێنە نەخۆشخانه.
پێشتر بۆ نەخۆشانی کۆرۆنا ئەوانەی لەماڵەوە چارەسەریان وەردەگرت، تیمە تەندروستیەکانی سنووری راپەڕین لهڕێگهی تهلهفونهوه رێنماییان پێدەدان و لەکاتی پێویستیشدا سەردانی نەخۆشەکەیان دەکرد.
تیمەکانی فاستکەیر دوو هەفتەیه لەسنووری راپەڕین دەست بەکاربوونە و دێ بەدێ و ناوچە بە ناوچە نەخۆشانی کۆرۆنا و هەرنەخۆشێکی دیكە لەماڵەوە بەسەر دەکەنەوە، کە پێویستیی به پشکنینە سەرەتاییەکان بێت.
لەکۆی 2815 تووشبووی کۆرۆنا لەسنوری راپەڕین، 1700 نەخۆش لەناو نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا لەڕانیە و قەڵادزێ چارەسەرکراون و ئەوانی دیكە پێویستییان بە نەخۆشخانە نەبووە، لەو ژمارەیه 205 نەخۆش بەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە.