خۆپیشاندەرانی ناسریە دژی حكومەت و سەدر دروشم دەڵێنەوە

خۆپیشاندان لە ناسریە بەردەوامە

K24 - ھەولێر

خۆپیشاندان لە ناسریە بەردەوامە و لە واستیش رێورەسمێکی رێزلێنان بۆ به‌خاكسپاردنی قوربانیانی خۆپیشاندانەکان بەڕێوەچوو.

سەرەڕای گەیشتنی هێزێکی زۆر لە بەغداوە بۆ ناسریە، بەڵام هێشتا خۆپیشاندان لەو شارە کۆتایی نەهاتووە، سەدان کەس لە گۆڕەپانی حەبوبی کۆبوونەتەوە، جگە لە داواكارییەكانیان بۆ حكومەت، دروشم دژی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر دەڵێنەوە.

خۆپیشاندەران داوایان لە حکومەتی عێراق کرد، سزای ئەو کەسانە بدات، کە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووه‌ و بەهۆیەوە دەیان کەس بوونە قوربانی.

هاوکات لە شاری کوت ناوەندی پارێزگای واست، بە بەشداری هەزاران کەس، رێورەسمێکی رێزلێنان، بۆ ناشتنی تەرمی قوربانیانی خۆپیشاندانەکان بەڕێوەچوو.

رۆژی ھەینی 27/11/2020 جارێكی دیكە خۆپیشاندان لە ناسریە دەستیپێكردەوە و شەڕ لەنێوان خۆپیشاندەران و لایەنگرانی سەدر دروستبوو، تائێستا نزیكەی 10 كەس كوژراون و زیاتر لە 90 كەسیش برینداربوونە.

خۆپیشاندەرانی ناسریە ئەوانەن كە لە ئۆكتۆبەری 2019 خۆپیشاندانیان دژی حكومەت لە زۆربەی شارەكانی عێراق دەستپێكرد و داوای چاكسازی و خزمەتگوزاری دەكەن.