بە پاڵپشتی جایکای ژاپۆنی چەند پڕۆژەیەکی ئاو لە سلێمانی جێبەجێدەکرێن

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی: پڕۆژەکان کێشەی ئاو چارەسەر دەکەن
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە چوارچێوەی بایەخدانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە سێکتەری ئاوی خواردنەوە و نوژەنکردنەوەی تۆڕەکانی دابینکردنی ئاو، بە گوژمەی زیاتر لە 6 ملیۆن دۆلار بە پاڵپشتی قەرزی درێژخایەنی ئاژانسی جاکای ژاپۆنی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بواری سێکتەری ئاو لە ھەردوو پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە راگەیاند.

سەرەڕای قەیرانی دارایی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێم کوردستان لە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان بۆ ھاووڵاتیان بەردەوامە. لەو چوارچێوەیەدا بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار و ئاژانسی جاکای ژاپۆنی بە گوژمەی 6 ملیۆن و 700 ھەزار دۆلار قۆناخێکی دیکەی پرۆژەی باشترکردنی ئاوی خواردنەوە لە ھەرێمی کوردستان لە سلێمانی و ھەڵەبجە ده‌خه‌نه‌ بواری جێبەجێکردنەوە.

ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی گوتی: بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە کێشەی کەمی دابینکردنی ئاو چارەسەر دەبێت.

ساڵانی ڕابردوو سلێمانی ھەمیشە کێشەی نەبوونی ئاوی خواردنەوەی ماڵانی ھەبووە، بەڵام لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێم ھەوڵی جدی دراوە بۆ چارەسەركردنی ئەو کێشەیە، بە جۆرێك چەند مانگێك به‌ر له‌ ئێستا بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بڕی زیاتر لە 4 ملیار دینار بۆ چارەسەری کێشەی کەم ئاوی سلێمانی و چەمچەماڵ تەرخان کرا.

پڕۆژەکە لە پارێزگای ھەولێریش جێبەجێدەکرێت و بۆری ئاوی خواردنەوەی چەند گەڕەکێکی کۆن و ھەژارنشین چارەسەر دەکرێن، بە گوتەی وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزاری حکومەتی ھەرێم، ئەو پڕۆژەیەی لە سلێمانی و ھەڵەبجە تایبەت بە سێکتەری ئاو لەگەڵ ئاژانسی جاکای ژاپۆنی جێبەجێدەکرێت، زۆر لەوەی ھەولێر فراوانترە.