ئێران وه‌ڵامێكی توندی ئه‌ردۆغان ده‌داته‌وه‌

"كۆپلە هۆنراوه‌ی "ئاراس ئاراس" كه‌ ئەردۆغان له‌ باكۆ گوتییه‌وه‌، كاردانەوەی توندی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێرانی بەدوای خۆیدا ھێنا"
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

وەزیری دەرەوەی ئێران وەڵامێكی توندی سەرۆك كۆماری توركیا دەداتەوە و دەلێت: ھیچ كەس بۆی نیيە باس لە ئازەربایجانی خۆشەویستی ئێمە بكات، ئەمەش وەك كاردانەوەیەك بە گوتاری رۆژی رابردووی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە باكۆ دێت، كە لە كۆپلە هۆنراوه‌یه‌كدا باسی لە جیاكردنەوەی ئازەرییەكانی ھەردوولای رووباری ئاراسی كردبوو، ئەوەش كاردانەوەی زۆری لە ئێران لێكەوتەوە.

كۆپڵە هۆنراوه‌یه‌كی بچووك و كاردانەوەیەكی گەورە... رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە رێورەسمی راگەیاندنی سەركەوتن بەسەر ئەرمینیادا لە باكۆ، كۆپلە هۆنراوه‌ی ئاراس ئاراسی گوت، كە زۆرتر پان تورك یان پان ئازەرییەكان بەكاری دەھێنن. لە هۆنراوه‌كه‌دا گلەیی لە جیاكردنەوەی ئازەرییەكانی ھەردوولای رووباری ئاراس دەكات. ئەمه‌ش لەكاتێكدایە، كە لای باكووری ئاراس كەوتووەتە پارێزگای ورمێی رۆژھەڵاتی كوردستان، و پارێزگاكانی تەورێز و ئەردەبێل و بگرە زەنجانیش دەگرێتەوە.

ئەو كۆپلە هۆنراوه‌ی ئەردۆغان كاردانەوەی توندی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێرانی بەدوای خۆیدا ھێنا، زەریف لە تویتێكدا گوتی: ئەردۆغان دژی سەربەخۆیی كۆماری ئازەربایجان قسەی كردووە، ھاوكات بە ئەردۆغان ده‌ڵێت: ھیچ كەس بۆی نییە باس لە ئازەربایجانی خۆشەویستی ئێمە بكات.

دوا شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر ناوچە كوێستانییەكانی كاراباغ 44 رۆژی خایاند، كۆماندۆكان و فرۆكە بێ فرۆكەوانەكانی توركیا رۆڵی سەرەكییان لە سەركەوتنی ئازەربایجان ھەبوو، ئێستا بە نێوەندگیری رووسیا، ئەرمینیا دەبێت بەشێك لەو ناوچانەی 30 ساڵ بەسەریاندا زاڵ بوو، رادەست بكاته‌وه‌.

ئەگەرچی لەمیدیا فەرمییەكاندا ئێران پشتیوانی لە ئازەربایجان دەكرد، بەڵام دواتر دەركەوت كە تاران لەو سەركەوتنەی باكۆ نیگەرانە، چونكە ئێران سنووری وشكانی لەگەڵ ئەرمینیا نەماوە و لە جێگیركردنی چەكدارانی نزیك لە توركیا كە ئێران بە تیرۆریست ناویاندەبات، نیگەرانە. بە كوتارە جۆش و خرۆشاوییه‌كه‌ی ئەردۆغان لە باكۆوە دەركەوت، كە نیگەرانییەكانی ئێران بێھۆش نەبوو، چونكە هۆنراوه‌ی ئاراس ئاراس سیمبوڵی ناسیۆنالیستە توندڕەوە ئازەرییەكانە، كە پێیانوایە ئازەربایجان یەك وڵاتە و ئێران بەشێكی لێ دابڕیوە.

H.B