كۆبوونه‌وه‌ی شاندی باڵای هه‌رێم له‌گه‌ڵ سه‌رۆك حكومه‌ت و سه‌رۆك په‌رله‌مانی عێراق كۆتاییهات
K24- هه‌ولێر:
كۆبوونه‌وه‌ی شاندی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ردوو سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆتاییهات و دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه، مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیران و محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران سه‌رۆكایه‌تی كۆبوونه‌وه‌ی دانوستانی هاوبه‌شی نێوان حكومه‌تی فیدراڵ و لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق له‌گه‌ڵ شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان كرد.
ئاماژه به‌وه‌ش دراوه، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه له كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران به‌ڕێوه‌چوو، گفتوگۆ له‌باره‌ی پابه‌ندبوون به جێبه‌جێكردنی یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی دارایی كرا، كه مانگی رابردوو له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌بێ كورد تێپه‌ڕێندرا، هه‌روه‌ها میكانیزمه‌كانی جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه تاووتوێ كران، به‌و شێوه‌یه‌ك كه له دابه‌شكردنی شایسته داراییه‌كان بۆ ته‌واوی ناوچه‌كانی عێراق دادپه‌روه‌ری له‌به‌رچاو بگیرێت.