بیڵ گەیتس: بەداخەوە دەبێت رێستۆرانت و باڕەکان بە داخراوی بمێننەوە

"دووبارە دەستکردن بە ژیانی ئاسایی، هەتاوەکو ساڵی 2022 دەخایەنێت"
بیڵ گەیتس، وەکو پسپۆڕێکی کۆرۆنا لە میدیا جیهانییەکان سەیردەکرێت، وێنە: REUTERS
بیڵ گەیتس، وەکو پسپۆڕێکی کۆرۆنا لە میدیا جیهانییەکان سەیردەکرێت، وێنە: REUTERS

  K24 - هەولێر

هەرچەندە رەزامەندی دراوە لەسەر هەڵمەتی کوتان لەدژی کۆرۆنا و دابەشکردنی ڤاکسینەکە لە ئەمەریکا لەم هەفتەیەدا، بەڵام بیڵ گەیتس دەڵێ گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی درەنگترە لەوەی خەڵکی ئەمەریکا چاوەڕی دەکەن.

بیڵ گەیتس، یەکێک لە دەوڵەمەندترین کەسایەتییەکانی جیهان و یەکێکیش لە دامەزرێنەرانی مایکرۆسۆفت، باس لەوە دەکات لە "هاوینی 2021 ئەمەریکا نزیکتر دەبێتەوە لە ژیانێکی ئاسایی".

ئەو ملیاردێرە ئەمەریکییە دەیان ملیۆن دۆلاری بەخشیوەتە دامەزراوەکەی بۆ یارمەتیدان لە هەڵمەتی کوتان و، پێی وایە دووبارە دەستکردن بە ژیانی ئاسایی، هەتاوەکو ساڵی 2022 دەخایەنێت.

بیڵ گەیتس لە لێدوانیکیدا بۆ CNN رۆژی یەکشەممە، هۆشداری دا و گوتی "هەتاوەکو یارمەتیدەر نەبین لە لەناوبردنی ئەو نەخۆشییە و هەڵمەتی کوتان زۆر نەبێت لە ئەمەریکاش، ئەوا مەترسی هەیە پەتاکە دووبارە سەرهەڵبداتەوە".

"کۆبوونەوەی گەورەی جەماوەری، پێویستە هەر قەدەغەبێت، بەداخەوە دەبێت باڕ و رێستۆرانتەکانیش لە سەرتاسەری وڵات  بەداخراوی بمێننەوە بۆ ئەوەی ژمارەی تووشبوون کەمببێتەوە"، ئەمەش بەشێکی داواکارییەکانی گەیتسە بۆ سەرکەوتن بەسەر کۆرۆنا.

بیڵ گەیتس لە میدیا جیهانییەکاندا وەکو پسپۆڕێک لەبارەی کۆڤید-19 سەیردەکرێت، بەهۆی ئەو هەموو پارەیەی بەخشیویەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لەلایەک، لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی ڤیدیۆیەکی کە لە ساڵی 2015ـدا پێشبینیی پەتایەکی جیهانیی هاوشێوە دەکات و دەڵێ "جیهان ئامادە نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتایە".