قایمقامی پێشووی خانەقین بە دوو ساڵ زیندانیكردن سزادرا

"بە ئاسانكاری بۆ زێدەڕۆی لەسەر موڵکی گشتی لە قەزای خانەقین تاوانبار كراوە"
محەمەد مەلا حەسەن، قایمقامی پێشووی خانەقین
محەمەد مەلا حەسەن، قایمقامی پێشووی خانەقین

K24 – گەرمیان

محەمەد مەلا حەسەن، قایمقامی پێشووی خانەقین، بە تاوانی گەندەڵی بە دوو ساڵ زیندانیكردن سزادرا.

 سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کەیسی دادگای کردنی قایمقامی پێشووی خانەقین بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ چوار شەممە 16/12/2020 دادگای بەرایی گەرمیان، بەپێی ماددەی 335 لە یاسای سزادانی عێراقی تایبەت بە بەکارهێنانی زیادەڕەوی دەسەڵات "اسغلالی وزیفە" سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەر محەمەد مەلا حەسەن قایمقامی پێشووی خانەقین دا سەپاند".

سەرچاوەكە روونیكردەوە: "قایمقامی پێشووی خانەقین تاوانبارکراوە بە ئاسانکاریی بۆ دروستکردنی گەراجێک بە زێدەڕۆی لەسەر موڵکی گشتی لە قەزای خانەقین".

ئاماژەی بەوەشكرد: "دۆسیەکە بۆ چەند ساڵێک پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، ئەو کاتەی کە ناوبراو قایمقام بووە، دواتر خانەنشینكراوە".

محەمەد مەلا حەسەن، لە دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر لە پۆستی قایمقامی خانەقین دوور خرایەوە.