ناسر هه‌ركی: هه‌ندێك په‌رله‌مانتار ده‌یانه‌وێت به دژایه‌تیكردنی كورد رووی خۆیان بۆ شه‌قام سپی بكه‌نه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
ناسر هه‌ركی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه (16ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2020) به كوردستان24ی راگه‌یاند، شاندی دانوستانی هه‌رێمی كوردستان ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه له به‌غدایه، به‌مه‌به‌ستی روونكردنه‌وه و ئاماده‌یی بۆ رێككه‌وتن، ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی په‌رله‌مان و لیژنه‌كانی دارایی و یاسایی كۆده‌بێته‌وه.
ناسر هه‌ركی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئامانجی سه‌ردانی شاندی هه‌رێمی كوردستان بۆ په‌رله‌مانی عێراق، بۆ رێككه‌وتنه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ، له‌سه‌ر یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه‌ی ساڵی(2021)، شانده‌كه ئه‌و ماوه‌ی لێره‌ن، چاویان به به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدراڵی كه‌وتووه، به‌ڵام به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدراڵی له‌به‌ر فشاری لایه‌نه سیاسییه‌كان رێككه‌وتنیان نه‌كردووه، شانده‌كه ده‌یه‌وێت رێككه‌وتنه‌كانی پێشوو و كاره‌كانی ئه‌و چه‌ند رۆژه‌ی له به‌غدان، روون بكاته‌وه، چونكه هه‌رێم هه‌موو كاتێك ئاماده‌یی نیشانداوه له‌گه‌ڵ به‌غدا رێككه‌وتن بكات، به‌ڵام حكومه‌تی فیدراڵی تا ئێستا ئاماده‌یی نه‌بووه، بڕیاره شاندی هه‌رێم له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی په‌رله‌مان و لیژنه‌كانی دارایی و یاسایی و هه‌ندێك له په‌رله‌مانتاری دیكه كۆببنه‌وه".
سه‌باره‌ت به دژایه‌تیكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن هه‌ندێك په‌رله‌مانتاری عێراق، ناسر هه‌ركی ئاماژه‌ی كرد، "هه‌ندێك په‌رله‌مانتاری عێراق، ئاماده‌نین گوێ له‌كه‌س بگرن، راستییه‌كان ببیستن، له یاسای بودجه‌ی (2019)دا به روونی دیاره، ئه‌گه‌ر هه‌رێم نه‌وت راده‌ست نه‌كات؛ بڕه‌كه‌ی له بودجه‌ی هه‌رێم ده‌بڕن، ئه‌وان له‌و بابه‌ته هه‌ڵدێن، له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌یانتوانیوه خزمه‌تی هاووڵاتیانی خۆیان بكه‌ن، ده‌یانه‌وێت به‌م شێوه‌یه رووی خۆیان بۆ شه‌قام سپی بكه‌نه‌وه، وا له‌خه‌ڵكه‌كه بگه‌یه‌نن، ئه‌و پاره‌ی بۆ هه‌رێم ده‌ڕوا، له ئێوه ده‌بڕدرێت".
ناسری هه‌ركی روونیكرده‌وه، "ئه‌ركی شاندنه‌كه ئه‌وه‌یه زۆر به روونی بۆ ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی روونبكاته‌وه، نه‌ك ئێستا، به‌ڵكو پێشتریش ئاماده‌یی هه‌بووه، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ "عادل عه‌بدولمه‌هدی" و "مسته‌فا كازمی" رێككه‌وتن كراوه، لیژنه‌ی هونه‌ری دانراوه، هه‌موو داهاته‌كان به‌رامبه‌ر كراون، ئه‌و (320) ملیار دیناره به‌م شێوه‌یه بۆ هه‌رێم ده‌هات، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه رێككه‌وتن هه‌بوو، به‌ڵام هه‌ندێكیان بڕوا به‌وه ناهێنن، بۆیه ئه‌ركی ئه‌مڕۆی شاندنی دانوستانكاری هه‌رێم زۆر گرنگه، تا ئه‌م بابه‌ته بۆ په‌رله‌مان روونبكه‌نه‌وه، هه‌ر چه‌نده حكومه‌تی فیدراڵی وا نیشان ده‌دات، بۆ رێككه‌وتن كێشه‌ی نییه، به‌ڵام ئه‌و په‌رله‌مانتارانه كێشه درووست ده‌كه‌ن، نه‌یانتوانیوه خزمه‌ت به شاره‌كانی خۆیان بكه‌ن، ده‌یانه‌وێت لێره‌وه كار له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی داهاتوو بكه‌ن، تا وا نیشانی خه‌ڵكی خۆیان بده‌ن، پارێزه‌ری مافه‌كانی ئه‌وانن".
د.ی