کوردستان24 بۆ پێنجەم جار بەفەرمی بانگهێشتی کۆنفرانسی ساڵانەی ڤلادمێر پوتن کرا

ئەمساڵ کۆنفرانسەکە بەشێوەیی ئۆنلاینە
پەیامنێری کوردستان24 بە جلی کوردییەوە لە کۆنفرانسەکە بەشدارە
پەیامنێری کوردستان24 بە جلی کوردییەوە لە کۆنفرانسەکە بەشدارە

K24 - هەولێر

میدیاکانی جیهان، ئەمڕۆ چاویان لەسەر مۆسکۆیە بەهۆی کۆنفرانسی ساڵانەی ڤلادمێر پوتن و یەکێک لەو میدیایانەی بەشدارە لە کۆنفرانسەکە و بەفەرمی بانگهێشتکراوە، کوردستان24ـە.

خۆشەوی محەممەد، بەرپرسی نووسینگەی رووسیای کوردستان24 لە مۆسکۆ لە کۆنفرانسەکە بەشدارە. كه‌ پێشتر به‌ جلی كوردییه‌وه‌ به‌شداری له‌ كۆنفرانسی ساڵانه‌ی پوتندا كردووه‌. ئه‌وكات پوتن گوتی "با ئەو کەسەی جلی کوردی لەبەرە هەستێتە سەر پێ و پرسیاری خۆی بکات، یەکەم کەس وەڵامی ئەو دەدەمەوە".

ئەمە 16ـەیەمین کۆنفرانسی ساڵانەی ڤلادمێر پوتن، سەرۆکی رووسیایە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی پەتای کۆرۆنا، کۆنفرانسەکە بەشێوەی ئۆنلاینە و ژمارەی ئەو رۆژنامەوانانەی رووماڵی کۆنفرانسەکە دەکەن، لە نیوەی ساڵی رابردوو کەمترە.

کۆی گشتیی ئەو رۆژنامەنووسانەی ئەمساڵ مۆڵەتی رووماڵکردنی ئەو کۆنفرانسەیان پێدراوە، 774 رۆژنامەنووسە و، دەزگای میدیایی کوردستان24 بانگهێشتکراوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو نزیکەی 2000 رۆژنامەنووس رووماڵیان دەکرد.
کوردستان24 پێنج ساڵە لە کۆنفرانسەکەدا بانگهێشت دەکرێت و تائێستا پەیامنێری کوردستان24 سێ جار پرسیارەکانی لەلایەن سەرۆکی رووسیا، کە یەکێک لە زلهێزترین وڵاتانی جیهان، وەڵامدراوەتەوە.

بەرپرسی نووسینگەی رووسیای کوردستان24 دەڵێ، ئەگەر بواری پرسیارکردن بدرێت لە پوتن دەپرسێت "لە ستراتیژییەتی پوتندا، گەلی کورد چ شوێنێک دەگرێت؟".

لە ساڵانی رابردوو لە وەڵامی پرسیارەکانی کوردستان24 پوتن لەبارەی سەردەمی دوای داعش، ریفراندۆمی سەربەخۆیی و پەیوەندییەکانی هەولێر و مۆسکۆ دواوە. ئەو هەڵوێستی بەرامبەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی روون بوو و باسی لەوە کرد، گەلی کورد مافی خۆیەتی (سەربەخۆ بێت)، بەڵام ئەوان دەستوەردان ناکەن.