له‌ كه‌ركووك رێگه‌ نه‌درا كورد یادی رۆژی ئاڵا بكاته‌وه‌

بۆ سێیه‌م ساڵ له‌سه‌ر یه‌ك له‌ یادكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان و به‌رزڕاگرتنی ئه‌و ئاڵایه‌ بێبه‌ش بوون.
كه‌ركووك
كه‌ركووك

K24 – كه‌ركووك:

ئه‌مڕۆ (17ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2020)، خه‌ڵكی كه‌ركووك، بۆ سێیه‌م ساڵ له‌سه‌ر یه‌ك له‌ یادكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان و به‌رزڕاگرتنی ئه‌و ئاڵایه‌ بێبه‌ش بوون.

له‌ دوای داگیركردنه‌وه‌ی شاری كه‌ركووك و هاتنی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق بۆ شاره‌كه‌ و رووداوه‌كانی "شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ر"، ته‌نیا ئاڵایه‌ك كه‌ قه‌ده‌غه‌كرابێت له‌ شاره‌كه‌، ئاڵای كوردستانه‌.

گرووپ و میلیشیا عه‌ره‌ب و توركمانییه‌كانی سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبی، له‌ یه‌كه‌م رۆژی داگیركردنی شاره‌كه‌وه‌، هه‌ڵمه‌تێكی فراوانیان بۆ داگرتن و لابردنی ئاڵای كوردستان له‌ شاره‌كه‌ ده‌ستپێكرد و رێگه‌ به‌ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌و شاره‌ ناده‌ن، كه‌ شارێكی مێژوویی كوردستانه‌.

هاووڵاتیانی كوردی نیشته‌جێی كه‌ركووك، قه‌ده‌غه‌كردنی ئاڵای كوردستان له‌ لایه‌ن میلیشیا توركمانی و عه‌ره‌بییه‌كانی سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبی به‌ لێكه‌وته‌یه‌كی مه‌ترسیداری رووداوه‌كانی شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ر ده‌زانن.

ته‌نانه‌ت ئاڵای ده‌ستی په‌یكه‌ری ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ش لابراوه‌، كه‌ له‌ ده‌روازه‌ی كه‌ركووك روو به‌ هه‌ولێر دانراوه‌ و له‌ بری ئاڵای كوردستان، ئاڵایه‌كی عێراق هه‌ڵكراوه‌.