وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه: په‌كه‌كه شنگالی داگیر كردووه و به جلی گرووپه عێراقییه‌كان هاتووچۆ ده‌كه‌ن
K24- هه‌ولێر:
یەکێك لە خاڵه‌كانی رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال، ده‌ركردنی ته‌واوی میلیشیا و گرووپه چه‌كداره‌كانه له‌و ناوچه‌یه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه، چه‌كدارانی په‌كه‌كه كه ده‌بێت ئه‌وانیش له‌و سنووری بچنه ده‌ره‌وه، سیناریۆی جیاواز بۆ مانه‌وه‌یان له‌ژێر چه‌تری چه‌ند گروپێكی دیكه ده‌خرێنه‌ڕوو، بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ش هۆشداری له‌باره‌ی ئه‌و پیلانانه ده‌دات و داواش ده‌كات، رێككه‌وتنه‌كه وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت.
له‌و باره‌یه‌وه سه‌ربه‌ست له‌زگین، بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه تایبه‌ت به كوردستان24 گوتی: په‌كه‌كه له شنگال بووه‌ته هۆی به‌رده‌وامی ئه‌و دۆخه‌ی كه ئێستا له‌ئارادایه و گوتیشی: په‌كه‌كه شنگالی داگیركردووه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، چه‌ند گروپێك له‌ناو عێراقدا هه‌ن هاوكاری په‌كه‌كه ده‌كه‌ن و هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، تا ئه‌و راده‌یه‌ی كه هه‌ندێك جار جلی خۆیان ده‌گۆڕن و جلی ئه‌و گرووپه عێراقییانه ده‌پۆشن و هاتووچۆش له‌گه‌ڵ یه‌ك ده‌كه‌ن، هه‌وره‌ها له‌سه‌ر میلاكی ئه‌و گرووپانه مووچه له حكومه‌تی عێراق وه‌رده‌گرن، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و گرووپانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی، كه له سنووری قه‌زای شنگالن.
سه‌ربه‌ست له‌زگین داواشیكرد، رێككه‌وتنی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت، نه‌ك شانۆگه‌رییه‌ك بۆ به‌لاڕێدابردنی ئه‌و رێكه‌وتنه رێك بخه‌ن، چونكه خاڵه‌كانی ناو رێككه‌وتنه‌كه روون و ئاشكران و له هه‌موو میدیاكانیش بڵاوكراونه‌ته‌وه، به‌ڵام وه‌ك ئێستا تێبینی ده‌كرێت، هه‌نگاوه‌كان به ئاراسته‌یه‌كی دیكه ده‌نرێن.
ئێستا كه زیاتر لە 3 هه‌زار و 500 چەکداری پەکەکە له شنگالن و لە ریزی حەشدی شەعبی مووچە وەردەگرن و بە شێوەی جۆراوجۆر لەو ناوچه‌یه ماونەتەوە، كه ئەمەش پێچەوانەی بنه‌ماكانی رێککەوتنەکەیە نابێت هیچ میلیشیایەك لە دەرەوەی یاسا له‌و سنووره هەبێت، عادل كاكه‌یی، پسپۆڕی سەربازی ئەمە بە نایاسايی دەزانێت و دەڵیت: هیچ کام لەو بیرۆکانەی پەکەکە و حەشدی شه‌عبیی لەسەری دامەزراون یەك ناگرنەوە.
ئه‌و پسپۆڕه سه‌ربازییه ئاماژه به‌وه‌دا، حه‌شدی شه‌عبی له‌پێناو پارێزگاریكردن له مه‌زارگه شیعه‌كان دامه‌زراوه و په‌كه‌كه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی چه‌پڕه‌وی دامه‌زراوه، كه ئه‌مه دوو بنه‌مای ته‌واو پێچه‌وانه‌ی یه‌كترن، بۆیه هۆكاری یه‌كگرتنه‌وه‌یان روون ئاشكرایه، كه ئامانج لێی له‌ناوبردنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانه.
هه‌روه‌ها گوتی: شوێنی چالاكی په‌كه‌كه باكووری كوردستانه و ده‌بێت ئه‌وان بچن له وڵاتی خۆیان كێشه‌كانیان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه.
ئه‌وه‌ی ئاشكرا بووه هه‌ندێك لایه‌نی عێراقی چەکدارانی پەکەکەیان لەژێر ناو و شيوه‌ى جۆراوجۆر لە شنگال هێشتووەتەوە، تەنانەت چەکدارەکانیشیان مووچەی حەشدی شەعبی وەردەگرن، مانەوەی ئەوان لەژێر ئەو سیناریۆیانە ئاشکرا بووە و پەکەکە شنگالی بەجێ نەهێشتووە، وەزارەتی پێشمەرگەش داوا دەکات، رێککەوتنەکە وەك خۆی جێبەجێ بکرێت و هیچ سیناریۆیەك بۆ مانەوەی پەکەکە قبووڵ ناکرێت.
H.B