بەشێکی رۆژنامەنووس و چالاكوانانی عێراقی روو له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن

رێکخراوی مافی مرۆڤ: رفاندن و کوشتنی چالاکوانان لە عێراق بەردەوامە
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

بەردەوامیی هەڕەشەکانی میلیشیاکان، رفاندن و تیرۆرکردنی رۆژنامەڤان و چالاکوانان لە عێراق، بوونەتە هۆی ئەوەی رۆژنامەنووسان و چالاکوانان رێگای کۆچبەری و پەنابەری بگرنەبەر بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان، ژمارەیەکی زۆریشیان روویان کردووەتە هەرێمی کوردستان.

سەیف ئەلعوبەیدی، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی رۆژنامەڤانانی عێراق بۆ پاراستنی مافی رۆژنامەڤانان و چالاکوانان بە کوردستان24ـی راگەیاند "لەڕێگەی کوردستان24ـەوە دەمەوێت پەیامێک ئاراستەی هەموو گەنج، چالاکوانان و رۆژنامەنووسانی خۆڕاگر و دەنگی راستی لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بکەم، زۆر چالاکوان و رۆژنامەنووسانی ئێمە بەهۆی میلیشیاکان روویان کردووەتە دەرەوەی وڵات و، ئێستا بەشێکی زۆریان لە هەرێمی کوردستانن، وەکو یەکێتیی رۆژنامەڤانانی عێراق بۆ ساڵی 2021 پلانمان داناوە مافی رۆژنامەنووسان و چالاکوانان بە میکانیزمێکی گونجاو بپارێزین".

رێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوایین راپۆرتیدا لەبارەی رۆژنامەنووسان لە عێراق دەڵێ "دوای حەوت مانگ لە هۆشیاریدانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ پاراستنی ژیانی رۆژنامەڤانان، رفاندن و کوشتنی رۆژنامەڤان و چالاکوانان لە عێراق بەردەوامە".