دینار بازاڕی شێواندووە

لە هەولێر لە کاتژمێرێکدا سێ جار نرخی دۆلار گۆڕا و لە سلێمانی خەڵک متمانەی بە دینار نەماوە
بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر جممەی دێت، وێنە: کوردستان24، هۆشمەند سادق
بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر جممەی دێت، وێنە: کوردستان24، هۆشمەند سادق

K24 - هەولێر

بەهۆی دەنگۆی جێگیرکردنی بەهای دۆلار لە پڕۆژەبودجەی 2021ـی عێراق بە 145 هەزار دینار، بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان شێواون و بەهای کەلوپەل و خۆراک گران بووە.

بازاڕەکانی عێراق بەگشتی و لەنێویشیاندا بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، چاوەڕوانی سبەی دەکەن بۆ ئەوەی بزانن بانکی ناوەندی چ بڕیارێک دەردەکات و نرخی خستنەڕووی دۆلار بە دینار، بە چەند دیاری دەکات، بەڵام بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر جممەیان دێت لە خەڵک و مامەڵەکاران.

پەیامنێرانی کوردستان24 هۆشمەند سادق و ئارام بەختیار لە هەولێر و سلێمانییەوە لەنێو بازاڕ دوایین زانیاری لەبارەی لێکەوتەکانی ئەو هەوڵە و رەوشی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو دەخەنەڕوو.

هەرچەندە رۆژانی شەممە، بازاڕی بۆرسە لە هەولێر نییە، بەڵام لەتەنیشت بازاڕەکەوە دەستگێڕ هەن کە ئاڵوگۆڕی دراو دەکەن و دۆلار دەفرۆشن، هۆشمەند سادق لەو بازاڕەوە دەڵێ "نزیکەی یەک کاتژمێرە من لێرەم، نرخی دۆلار زۆر و کەم دەبێت و بە یەک کاتژمێر سێ جار نرخی دۆلار گۆڕا لە 136 بوو بە 137 و دواتر 138 دینار".

یەکێک لە دۆلارفرۆشەکانی هەولێر سەرقاڵی ژماردنی پارە بوو کاتێک قسەی بۆ پەیامنێرەکەی کوردستان24 کرد، ئەو دەڵێ "ئێستا برادەران دۆلار بە 137 هەزار دینار دەکڕن و دەفرۆشن.. کارەکە خستنەڕوو و داواکردنە... بەگشتی ئەمە زیانی هەیە، ئابووری خەڵک تێکدەدات بەوجۆرە هەموو شتێک گران دەبێت، ناکرێت حکومەتی عێراق وا لەو خەڵکە بکات، چونکە ئابووریی عێراق خۆی سفر بووە و دەیەوێت ئەو خەڵکەش بێ پارە بێت".

 

یەکێکی دیکە لە مامەڵەکارانی دراو، دەڵێ " 100 دۆلار بە 136 هەزار و 500 دینار دەکڕین و بە 137 هەزار و 250 دینار دەیفرۆشین. بازاڕ جێگیر نییە، چونکە بانک رایگەیاندووە نرخی دۆلار دەگۆڕێت، بۆیە جێگیر نییە و کەس نازانێ چی لێدێت، خەڵک مشەوەش بووە بۆیە بەهاکەی بەرز دەبێتەوە و بە ویستی خوا دادەبەزێت".

هاووڵاتییەک لە بازاڕەکەوە باس لەوە دەکات نرخی خۆراک گران بووە، ئەو دەڵێ "پێشتر دەبەی زەیتم بە 1250 دینار دەکڕی، دوێنێ ئێوارە چووم کردبوویانە 2000 دینار، بەڕاستی ئەو فیلمەی لە حکومەتی عێراق روودەدات، کارەساتە. زۆر کەس دەڵێن حکومەتی هەرێم بۆ وادەکات؟ لەکاتێکدا ئەوە پەیوەندیی بە حکومەتی ئێمەدا نییە و پەیوەندیی بە بانکی ناوەندیی عێراقە و کورتهێنانی بودجەی پێ پڕدەکاتەوە".

پەیامنێری کوردستان24 هەروەها دەڵێ: ئێستا هەموو ئەوانەی لێرەن، بەردەوام سەیری فەیسبووک و گرووپەکانی دیکەی ئابووری دەکەن، هەرکەسێک نرخێک دابنێت، یەکسەر لێرەش نرخەکە گۆڕانی بەسەردا دێت.

شڵەژانی بازاڕەکانی دراو لەکاتێکدایە، ئێستا حکومەتی عێراق لەکۆبوونەوەدایە و دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 دەدات، کە دزەیکردووە و لە میدیاکان بڵاوبووەتەوە.

رۆژی پێنجشەممە د. جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بۆ کورستان 24 رایگەیاند بە گوێرەی ئەو پڕۆژەبودجەی دزەی پێکراوە، حکومەتی عێراق دەیەوێت بە فەرمی بەهای دۆلار بۆ 1450 دینار بەرزبکاتەوە، هەروەها دەرماڵەی فەرمانبەران بە رێژەی جیاواز لەنێوان 20%-60% کەمبکاتەوە.

"لە سلێمانی خەریکە متمانە بە دینار نامێنێت"

کامەران عەلی، خاوەنی نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی و دەڵێ "نرخی دۆلار لە بەیانییەوە بە 137 بۆ 138 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت. (داکەوتنی بەهای دینار) بازاڕی زۆر شێواندووە و قەرەباڵغی کردووە".

زۆربەی ئەوانەی روودەکەنە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی، بەگوتەی کامەران عەلی "دۆلار دەکڕن. خەڵک خەریکە متمانەی بە دینار لەدەستدەدات".