حكومەتی عێراق دەنگ له‌سه‌ر په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ دەدات

"ئەو رەشنووسەی لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجەوە دزەی پێکراوە، لەلایەن پەرلەمانەوە پەسند ناکرێت"
دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - ھەولێر

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق كۆببێته‌وه‌ و ده‌نگ له‌سه‌ر په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021 بدات.

پاش دواخستنی چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌، بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021، بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 19/12/2020، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له‌ دانیشتنێكی تایبه‌تدا، ده‌نگ له‌سه‌ر په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021 بدات.

پێشتریش له‌ وه‌ڵامی كوردستان24دا، حه‌سه‌ن نازم گوته‌بێژی حكومه‌تی عێراق رایگه‌یاندبوو "دانیشتنێكی تایبه‌ت به‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ ده‌كرێت و ورده‌كاری پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی 2021 ده‌بێت".

جه‌مال كۆچه‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق بە كوردستان24ی گوت: "بڕی كورتهێنان له‌ بودجه‌ی 2021ی عێراق 100 تریلیۆن دینار بووه‌، به‌ڵام دوای گرتنه‌به‌ری چه‌ندین رێكار، توانراوه‌ بڕی كورتهێنانه‌كه‌ بۆ 58 تریلیۆن دینار كه‌مبكرێته‌وه‌".

له‌ لایه‌كی دیكه‌‌وه لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق‌ ئه‌و ره‌شنووسه‌ پڕۆژه‌یاسایه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌نێو ده‌زگاكانی راگه‌یاندن بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

لەوبارەوە مەنسور بعێجی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند "ئەو رەشنووسەی لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجەوە دزەی پێکراوە، هەرگیز لەلایەن پەرلەمانەوە پەسند ناکرێت".

رۆژی پێنجشەممە د. جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بۆ کورستان 24 رایگەیاند بە گوێرەی ئەو پڕۆژە بودجەی دزەی پێکراوە، حکوومەتی عێراق دەیەوێت بە فەرمی بەهای دۆلار بۆ 1450 دینار بەرزبکاتەوە، هەروەها دەرماڵەی فەرمانبەران بە رێژەی جیاواز لە نێوان 20%-60% کەم بکاتەوە.