عێراق و توركیا گەڕانەوە سەر رێككەوتنی 2009 سەبارەت ڤیزەی نێوانیان

بەپێی ئەو رێككەوتنە وەرگرتنی ڤیزەی چوونە نێو ھەردوو دەوڵەت لە فڕۆكەخانەكان و خاڵەكانی دەربازبوونی سنووری دەبێت
ئاڵای عێراق و توركیا
ئاڵای عێراق و توركیا

K24 – ھەولێر:

باڵیۆزی عێراق لە توركیا حەسەن جەنابی، ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، بەغدا و ئەنقەرە گەڕانەوە سەر رێككەوتنی 2009 سەبارەت بە ڤیزەی نێوانیان.

لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، جەنابی گوتی: "یەكێك لە گرنگترین دەركەوتەكانی كۆبوونەوەكان لەگەڵ لایەنی توركیا، گەڕانەوە بوو بۆ رێككەوتنی ساڵی 2009، كە بەپێی ئەو رێككەوتنە وەرگرتنی ڤیزەی چوونە نێو ھەردوو وڵات لە فڕۆكەخانەكان و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان دەبێت".

گوتیشی: "جارێكی دیكە دەرگاكانی نێوان ھەردوو وڵات به‌ڕووی هامشۆی ھاووڵاتیاندا دەكرێنەوە و ئەو قەرەباڵغی و كۆسپانە نامێنن، كه‌ به‌مدواییانه‌ ببوونە له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م جووڵەی ئاسایی".

باڵیۆزی عێراق ئاماژەیكرد، "ئەو پێشكەوتنە لە سایەی ئەو پشتیوانییە سیاسییە بێ سنوورەیه‌، كه‌ توركیا بۆ حكومەتی كازمی نیشانداوه‌‌".

لە تشرینی یەكەمی رابردوو، توركیا رەزامەندیی خۆی لە پێدانی ڤیزەی چوونە نێو توركیا بە عێراقییەكانی شاری مووسڵ، ناوەندی پارێزگای نەینەوا نیشاندابوو.

لە تەمووزی، رابردوو، وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیاند، كاركردن بە یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لەگەڵ توركیا سەبارەت بە ڤیزەی سەردانیكردنی ھەردوو وڵات راگیرا.