له هه‌ر چوار جۆری ڤاكسینی كۆرۆنا، كام ڤاكسین باشترینیانه؟
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
جیهان له‌به‌رده‌م 4 ڤاكسیندایه ئه‌وانیش (مۆدێرنا-ی ئه‌مه‌ریكی، فایزه‌ر-ی ئه‌مه‌ریكی و بایۆنتێك-ی ئه‌ڵمانی پێكه‌وه، سوپتنیكVی گامالێیا-ی رووسی، ئۆكسفۆرد "یونی-ئه‌سترازینكا" -ی به‌ریتانی).
هه‌ریه‌ك له ڤاكسینی مۆدێرنا-ی ئه‌مه‌ریكی، فایزه‌ر-ی ئه‌مه‌ریكی و بایۆنتێك-ی ئه‌ڵمانی پێكه‌وه، كۆتاییان به كاری تاقیگه‌ییان هێناوه و سه‌ركه‌وتنیان مسۆگه‌ر كردووه.
له رۆژانی رابردوودا، ده‌سته‌ی چاودێری له به‌ریتانیا به ئاژانسی رێكخستنی ده‌رمان و به‌روبوومه‌كانی چاودێری ته‌ندروستی ناسراوه، ئاشكرای كرد كه ره‌زامه‌ندیان داوه به كۆمپانیای فایزه‌ری ئه‌مه‌ریكی و كۆمپانیای بایۆنتێك (BioNTech)ی ئه‌ڵمانی ڤاكسینه‌یشن، ده‌ستپێبكه‌ن. به‌مه‌ش به‌ریتانیا پێش ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا، ده‌ست به ڤاكسینه‌یشن ده‌كات.
شانبه‌شانی ئه‌میش هه‌مان كۆمپانیا داوای ره‌زامه‌ندی حاڵه‌تی خێرای ڤاكسینه‌یشنیان له ئیداره‌ی خۆراك و ده‌رمانی ئه‌مه‌ریكی كرد. هه‌روه‌ها كۆمپانیای مۆدێرنا-ش له ئه‌مه‌ریكا داوای له ئیداره‌ی خۆراك و ده‌رمانی ئه‌مه‌ریكی كرد كه ره‌زامه‌ندی بده‌ن به ڤاكسینه‌یشن و رۆژی 18 كانوونی یه‌كه‌م بڕیار درا و رۆژی دوو شه‌ممه 21ی كانوونی یه‌كه‌م ده‌ست به‌كارده‌بێت. هه‌رچی دوو ڤاكسینه‌كه‌ی تره هێشتا نه‌كه‌وتوونه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه و له ژێر تاقیكردنه‌وه‌دان.
ئێستا جیهان پرسیار له‌سه‌ر هه‌ر چوار ڤاكسینه‌كه ده‌كات كه كامیان له كامیان باشتره. یاخود جیاوازیان چییه؟
ڤاكسینه‌كان نه‌ك له رووی كوالێتی، به‌ڵكو له‌رووی نرخیشه‌وه جیاوازن.
1- ڤاكسینی كۆمپانیای مۆدێرنا-ی ئه‌مه‌ریكی: یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی ڤاكسینه‌كه له مانگی (3-ئادار) له‌سه‌ر 34 كه‌س ده‌ستیپێكرد.
ئه‌م ڤاكسینه به دوو ژه‌م له كه‌سه‌كه ده‌درێت كه 28 رۆژیان له‌نێواندایه. ڤاكسینه‌كه له به‌شێك له په‌ڕله‌ی (code)ی بۆماوه‌یی ڤایرۆسه‌كه (mRNA) وه‌رگیراوه. به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌بێت به هه‌ند وه‌ربگیرێت بۆ سه‌روو ته‌مه‌نی 16 ساڵ به‌كارده‌هێنرێت.
ڤاكسینه‌كه‌ی كۆمپانیای مۆدێرنا توانای هه‌ڵگرتنی هه‌یه له پله‌ی گه‌رمی -20 پله‌ی سیلیزی بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ، به‌ڵام له پله‌ی گه‌رمی ژوور (32 پله‌ی سیلیزی) ده‌توانرێت تا ماوه‌ی 12 سه‌عات دانرێت له دوای 12 سه‌عات له‌پله‌ی گه‌رمی ژوور (32 پله) نابێت به‌كاربهێنرێت. خۆ ئه‌گه‌ر جێگه‌كه له پله‌ی گه‌رمی 32 زیاتر بێت و چه‌ند سه‌عاتێك دانرا نابێت به‌كاربهێنرێت. هه‌روه‌ها له پله‌ی گه‌رمی (2-8 پله‌ی سیلیزی) ده‌توانرێت ماوه‌ی یه‌ك رۆژ دابنرێت. له‌كاتێكدا له به‌فرگره‌ی ئاسایی بۆ ماوه‌ی 30 رۆژ هه‌ڵده‌گیرێت.
ئه‌وه‌ی گرنگه بۆ ڤاكسینی مۆدێرنا ئه‌وه‌یه رێژه‌ی سه‌ركه‌وتوویی 100% هه‌ر بۆیه نرخی له هه‌موو ڤاكسینه‌كانی تر گرانتره یه‌ك ڤاكسین 33 دۆلاره واته كه‌سێك ده‌بێت دوو ژه‌م له خۆی بدات له ماوه‌ی مانگێك ده‌كاته 66 دۆلار. كۆمپانیای مۆدێرنا 955 ملیۆن دۆلاری له حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكی وه‌رگرتووه بۆ كاره‌كان و گه‌شه‌پێدانی ڤاكسینه‌كه.
یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی كلینیكی له‌سه‌ر ڤاكسینه‌كان له‌سه‌ر مۆدێرنا كرا و ده‌ستپێشخه‌ر بوو هه‌ر بۆیه له مانگی ئادار (3)دا 34 كه‌س ڤاكسینه‌كه‌یان وه‌رگرت له‌شێوه‌ی تاقیكردنه‌وه و ئه‌و 34 كه‌سه‌ی دوو ژه‌می ڤاكسینی mRNA-1273یان وه‌رگرت، ماوه‌ی 90 رۆژه دژه ته‌نی به‌رگریان به‌هێز و له‌دوای ئه‌و واده‌یه‌شه‌وه هیچ زانیارییه‌كی تر تۆمار نه‌كراوه، چونكه دوا واده‌ی توێژینه‌وه له‌سه‌ریان كۆتایی تشرینی یه‌كه‌م بووه، هه‌رچه‌نده دۆخی ته‌ندروستی كه‌سه‌كان زۆر باشه.
2- ڤاكسینی فایزه‌ر-ی ئه‌مه‌ریكی و بایۆنتێك-ی ئه‌ڵمانی پێكه‌وه: ئه‌م ڤاكسینه تاقیكردنه‌وه‌كانی له مانگی ئایار ده‌ستیپێكرد، سه‌ره‌تا له‌سه‌ر 80 كه‌س تاقیكرایه‌وه و دواجار له‌مانگی ته‌ممووز هه‌زاران كه‌س ڤاكسینه‌كه‌یان وه‌رگرت.
هه‌مان ته‌كنیكی ڤاكسینی مۆدێرنا، له ڤاكسینی فایزه‌ر به‌كارهاتووه، واته په‌رله‌ی بۆماوه‌یی ڤایرۆسه‌كه به‌كارهاتووه بۆ دروستكردنی ڤاكسینه‌كه. ئه‌مه ته‌كنیكه پێشتر له هیچ ڤاكسینێكدا به‌كارنه‌هاتووه بۆ جه‌سته‌ی مرۆڤ. ئه‌م ته‌كنیكه نوێیه بۆ یه‌كه‌مینجاره به‌كاردێت و ئه‌مه‌ریكا سه‌ركه‌وتن و داهێنانێكی تری نوێی له‌بواری پزیشكیدا ئه‌نجامدا. كه‌ڵكی ئه‌م ته‌كنیكه نوێیه بۆ جه‌سته ئه‌وه‌یه كه ده‌بێته هۆی دروستكردنی پرۆتیناتی ڤایرۆسه‌كه، ئه‌ویش به‌وه‌رگرتنی پارچه‌یه‌ك له په‌رله‌ی بۆماوه‌یی ڤایرۆسه‌كه و به‌كارهێنانی له ڤاكسینه‌كه له پێناو پارێزگاریكردن و بنیاتنانی به‌رگری له‌ش دژی ڤایرۆسه‌كه كه ده‌بێته هۆی كۆرۆنا ڤایرۆس.
شێوازی هه‌ڵگرتنی ڤاكسینی فایزه‌ر هه‌مان شێوازی هه‌ڵگرتنی مۆدێرنا-یه ته‌نیا جیاوازییه‌كه له‌وه‌دایه كه فایزه‌ر له پله‌ی گه‌رمی (-70 پله‌ی سیلیزی) هه‌ڵده‌گیرێت.
بۆ هه‌ڵگرتنی ڤاكسینه‌كه سێ رێگه هه‌یه: ئه‌و به‌فرگرانه‌ی كه توانای هه‌ڵگرتنی ڤاكسینه‌كه‌ی هه‌یه له پله‌ی گه‌رمی نزمدا (-70) كه بۆ باركردن بگونجێت و له توانادا بێت ماوه‌ی شه‌ش مانگ بپارێزرێت. یاخود له بارهه‌ڵگره و سندوقی كۆمپانیای فایزه‌ر كه به‌فری وشكی تێدایه و ده‌توانرێت ماوه‌ی 30 رۆژ بپارێزرێت. له‌یه‌كه‌ی به‌فرگره‌ی نه‌خۆشخانه‌كان بۆ ماوه‌ی 5 رۆژ هه‌ڵده‌گیرێت له پله‌ی گه‌رمی 2-8 پله‌ی سیلیزی. هه‌روه‌ها له پله‌ی گه‌رمی ژوور (32 پله‌ی سیلیزی) ده‌توانرێت تا ماوه‌ی 12 سه‌عات دانرێت.
رێژه‌ی سه‌ركه‌وتوویی ڤاكسینه‌كه 96%. نرخی ڤاكسینی فایزه‌ر 20 دۆلاره واته كه‌سێك بۆ ئه‌وه‌ی ڤاكسینه‌كه به‌كاربهێنێت پێویستی به دوو دۆزه له‌ماوه‌ی مانگێكدا و ده‌كاته 40 دۆلار. فایزه‌ر به پێچه‌وانه‌ی (مۆدێرنا)وه هیچ پاره‌یه‌كی له حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكی وه‌رنه‌گرتووه.
3- ڤاكسینی سپوتنیك V - گامالێیا (رووسی): له‌دواڕۆژه‌كانی مانگی ئاب-دا رووسیا ڤاكسینێكی راگه‌یاند كه له‌لایه‌ن كۆمپانیای گامالێیا-ه‌وه به‌رهه‌مهێنرا به ناوی سپوتینكV ، كۆمپانیاكه ریسكێكی گه‌وره‌ی كرد، چونكه له‌سه‌ر 19 هه‌زار خۆبه‌خش تاقیكرده‌وه به پێدانی دوو ژه‌می ڤاكسینه‌كه له‌ماوه‌ی 3 هه‌فته‌دا.
ڤاكسینه رووسیه‌كه له مانگی تشرینی یه‌كه‌م ئه‌نجامی تاقیگه‌یی راگه‌یاند كه به‌رێژه‌ی 92% كاریگه‌ری هه‌یه و سه‌ركه‌وتووه.
یه‌كێك له خراپییه‌كانی ڤاكسینه‌كه ئه‌وه‌یه كه به‌رێگه‌یه‌كی كلاسیكی دروستكراوه. له دروستكردنی ڤاكسینه‌كه‌دا نموونه‌یه‌كی مردوو یان لاوازی ڤایرۆسه‌كه‌ی تێدا به‌كارهێنراوه، كه ئه‌مه‌ش زۆربه‌ی جار ده‌بێته هۆی ترس له‌سه‌ر به‌شێك له به‌كارهێنه‌ران كه ڤاكسینه‌كه به‌كارده‌هێنن، ئه‌م ته‌كنیكه كلاسیكییه هاوشێوه‌ی ڤاكسینی ئه‌نفلۆنزای باڵنده و ئیبۆلا و زۆر ڤاكسینی تر. به‌ڵام ته‌كنیكه نوێیه‌كه‌ی مۆدێرنا و فایزه‌ر ئه‌و ترسه‌یان نه‌هێشتووه.
بۆ نموونه به پێی راپۆرتێكی سه‌نته‌ری كۆنترۆڵكردنی نه‌خۆشییه‌كان و خۆپاراستنی ئه‌مه‌ریكا (CDC) هه‌رگیز ڤاكسینه‌كانی پێشتر كاریگه‌ری ته‌واوی نه‌بووه هه‌ر بۆ نموونه ڤاكسینی ئه‌نفلۆنزا كه له دژی ئه‌نفلۆنزای وه‌رزی به‌كاردێت، رێژه‌ی كاریگه‌ریی 60% زیاتر نییه. به‌ڵام ته‌كنیكی (mRNA) كه هه‌ردوو كۆمپانیای مۆدێرناو فایزه‌ر به‌كاریهێناوه له دروستكردنی ڤاكسینی كۆرۆنا، رێژه‌ی كاریگه‌ری 95% به‌ره‌و ژووره بۆ پاراستنی كه‌سه‌كه له تووشبوون به كۆرۆنا ڤایرۆس، وێڕای ئه‌وه‌ی ته‌واو سه‌لامه‌ته.
نرخی ڤاكسینه روسییه‌كه ته‌نیا 10 دۆلاره له هه‌ردوو ڤاكسینه ئه‌مه‌ریكییه‌كه هه‌رزانتره‌و بۆ هه‌ڵگرتنیش ئاسانتره و له به‌فرگر‌ی ئاسایی بۆ ماوه‌ی چه‌ندین مانگ هه‌ڵده‌گیرێت. به‌ڵام به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی گۆڤاری زانست-ی ئه‌مه‌ریكی رێژه‌ی كاریگه‌ری ئه‌م ڤاكسینه 60% تێپه‌ڕناكات، به‌ڵام رووسیا وای بڵاوكردۆته‌وه كه كاریگه‌ری 92%.
4- ڤاكسینی ئۆكسفۆرد (یونی - ئه‌سترازینكا)ی به‌ریتانی: ئه‌م ڤاكسینه به هه‌مان ته‌كنیكی ڤاكسینی سپوتنیك-Vی گامالێیا (روسی) به‌رهه‌مهێنراوه.
ڤاكسینه‌كه له نموونه‌یه‌كی لاوازی ڤایرۆسێكی باو (ناسراو به ئایده‌نۆ ڤایرۆس)ی مه‌یموونی شه‌مپازی به‌رهه‌مهێنراوه. دوای چاككردنی جینه‌كانی به‌كارهاتووه، وێڕای ئه‌وه‌ی ڤایرۆسه بنه‌ڕه‌تییه‌كه نابێته هۆی تووشبوونی هیچ نه‌خۆشییه‌ك.
له‌مانگی حوزه‌یراندا ده‌ست به توێژینه‌وه كرا له‌سه‌ر خۆبه‌خشه‌كان، به‌ڵام زانكۆی ئۆكسفۆرد له‌ناكاو تاقیكردنه‌وه‌كانی وه‌ستاند و رایگه‌یاند كه كاره‌كانی بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی وه‌ستاندووه.
به‌پێی توێژینه‌وه‌كان و راپۆرتی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی رێژه‌ی كاریگه‌ری ڤاكسینی ئۆكسفۆرد 62%. ئه‌م پێوانه‌یه نییه بۆ ڤاكسینه‌كه، چونكه ئۆكسفۆرد راستگۆیانه رایگه‌یاندووه و هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه شێوازی به‌كارهێنانی ئه‌م ڤاكسینه له‌سه‌ر شێوه‌ی كلاسیكییه، ڤاكسینه كلاسیكییه‌كان رێژه‌ی كاریگه‌رییان 65% زیاتر نییه.
به‌ڵام ڤاكسینی ئۆكسفۆرد له‌هه‌ر سێ ڤاكسینه‌كه‌یتر هه‌رزانتره و ته‌نیا 4 دۆلاره، هۆكاری هه‌رزانییه‌كه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌شێوه‌یه‌كی كلاسیكی و هه‌رزان به‌رهه‌مدێت وه‌ك مۆدێرناو فایزه‌ر نییه به‌شێوه‌یه‌كی نوێ به‌رهه‌مبێت و رێژه‌ی كاریگه‌رییان 95% زیاتره.
به‌ڵام له مۆدێرنا و فایزه‌ر سه‌ركه‌وتووتره له‌وه‌ی كه له به‌فرگره‌ی ئاسایی هه‌ڵگیرێت و مامه‌ڵه‌ی گواستنه‌وه‌ی ئاسانه.
به‌ریتانیا داوای 100 ملیۆن ژه‌می له‌م ڤاكسینه كردووه بۆ 50 ملیۆن كه‌س چونكه وه‌ك هه‌ر سێ ڤاكسینه‌كه‌ی تر پێویسته كه‌سه‌كه دووجار ڤاكسینه‌كه‌ی لێبدرێت له‌ماوه‌ی مانگێكدا.
له‌كۆتاییدا، هه‌موو یه‌كێك له ئێمه ئێستا ده‌توانێت جیاوازی له‌نێوان هه‌ر سێ ڤاكسینه‌كه بكات، ئه‌و ڤاكسینه‌ی دژی كۆرۆنا ڤایرۆسه. كۆرۆنا ڤایرۆس COVID-19 گرووپێكن له ڤایرۆسه درمییه‌كان. ئه‌م ڤایرۆسه به به‌رده‌وامی خۆی نوێده‌كاته‌وه، تا له ئه‌نجامدا له‌كۆتایی 2019 ڤایرۆسێكی نوێ-ی كۆرۆنا سه‌ریهه‌ڵدا به‌ناوی كۆرۆنا ڤایرۆس سارس- 2، له‌شاری ووهان-ی كه‌رتی هوبێی وڵاتی چین. تا رۆژی 19ی كانوونی یه‌كه‌م كه ساڵێك زیاتر تێپه‌ڕده‌بێت به‌سه‌ر نه‌خۆشییه‌كه، 76 ملیۆن و 64 هه‌زار و 500 كه‌س له‌جیهاندا تووشی نه‌خۆشییه‌كه بوون و یه‌ك ملیۆن و 682 هه‌زار و 930 كه‌سیش مردوون.