گوتەبێژی ھەسەدە :دۆخی عەین عیسا تا رادەیەك ئارامە

گوتەبێژی ھەسەدە: لەگەڵ رووسیا لە دانوستانداین بۆ وەستاندنی ھێرشەكانی توركیا
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

گوتەبێژی ھێزەكانی سووریای دیموكرات بە كوردستان24ی راگەیاند، ئێستا دۆخی شاروچكەی عەین عیسا تا رادەیەك ئارامە و تەنیا جار جار شەر لە نێوان ھەسەدە و چەكدارانی سەربە توركیا روودەدات.

كینۆ گابریێل، گوتەبێژی ھەسەدە گوتی: "لەم رۆژانە رەوشەكە ھەندێك ئارامە، تەنیا جارجارە شەڕ لە نێوان ھەردوو لایەن روودەدات. ھەفتەكەی رابردوو شەڕ و پێكدادان زۆر توند بوون و چەكی قورس لە لایەن توركیا چەكدارانی سەر بە ئەو بەكارھێنران و شاروچكەی عەین عیسا و ژمارەیەك لە گوندەكانی سەر بەو شاروچكەیە كرانە ئامانج، لەم چوارچێوەیەدا ئێمە وەڵامی ھێرشەكانمان دایە و ھێرشەكانمان تێكشكاندن".

گوتیشی: "پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ھێزەكانی رووسیا بەردەوامە، چ لە بارەی ئەم رووداوە یان رووداوەكانی دیكەوە بێت. دانوستان بەردەوامن، ئێمە گفتوگۆ لەسەر ئەگەرەكانی راگرتنی ئۆپەراسیۆنەكە دەكەین. ئێمە چاوڕوانی وەڵامێكی روونین یان ھەنگاوی پراكیتیكین لە لایەن ھێزەكانی رووسیا لە ناوچەكەدا بۆ راگرتنی ھێرشەكانی سوپای توركیا چەكدارانی سەر بە ئەو".