پڕۆژەیەکی دیکەی کارەبا لە هەولێر جێبەجێکرا

بارزۆری لەسەر تۆڕی کارەبا لە سنووری کەسنەزان کەمدەکاتەوە
پڕۆژەكە یەك ملیار و 250 ملیۆن دیناری تێچووە
پڕۆژەكە یەك ملیار و 250 ملیۆن دیناری تێچووە

K24 - هەولێر

وەزیری كارەبای حكومەتی ھەرێمی كوردستان پڕۆژەی دەرھێنانی هه‌شت فیدەری وێستگەی یازده‌ كەی ڤی وێستگەی سه‌د و سی و دوو كەی ڤی كەسنەزانی خستە كار، هەروەها روونكردنەوەی لەبارەی هۆکاری کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی دا.

جێبەجێكردنی پرۆژەی دەرھێنانی 8 فیدەری 11 كەی ڤی لە وێستگەی 132 كەی ڤی كەسنەزان، راستەوخۆ كاریگەری ئەرێنی دەخاتە سەر بارزۆری تۆڕی كارەبا لە سنووری ئەم ناحیەیە و پەستانی زۆری كارەبا كەمدەكاتەوە.

كەمال محه‌مه‌د، وەزیری كارەبا لە لێدوانێک بۆ کوردستان24، دەڵێ "هەموو باری ئەو دەڤەرە لەسەر وێستگەیەکە کە پێماندەگوت هەولێری رۆژهەڵات، بارگرانییەکی زۆری لەسەر بوو، بەڵام ئێستا وێستگەی هەشت فیدەری 11 تەواو بووە، کە باری سووککردووە".

لەبارەی کەمبوونەوەی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانیش باس لەوە دەکات "وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان؛ غاز، نەوتی رەش و دیزڵ، هەمووی دەداتە وەزارەتی کارەبا بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام چونکە کێشەکانی هەرێم هەمووی کارەبا نییە، رەوشی ئابووری کاریگەری لە هەموو سێکتەرەکان کردووە و وەزارەتی کارەباش یەکێکە لەوان"، بۆیە کارەبا کەم بووە.

پڕۆژەكە یەك ملیار و 250 ملیۆن دیناری تێچووە، ئەمە قۆناغی دووەمی پرۆژەی بەستنەوەی ھێڵی 132 كەی ڤی رۆژھەڵاتی ھەولێرە بە وێستگەی كەسنەزان، كە لە ماوەی رابردوودا بە فەرمی جێبەجێكرا.

جگە لەم پڕۆژەیە، چەندین پڕۆژەی دیكەی کارەبا هەن، كە بڕیارە لە داھاتوودا جێبەجێ بكرێن لەوانە:

- پڕۆژەی بەرھەمھێنانی كارەبای گەرمیان 165 مێگاوات
- پڕۆژەی ھێڵی 33 و 132ـی گەرمیان
- چەند پڕۆژەیەكی دیكەی كارەبا لە راپەڕین، سۆران و زاخۆ كە 300 مێگاواتن
- پڕۆژەی 132 كەی ڤی سۆران، کە 50٪ـی تەواو بووە