مستەفا کازمی: کاردەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان

عەلی عەللاوی: ئامانج لە بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار، پاراستنی ئابووری عێراقە
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

دوای سێ رۆژ کۆبوونەوەی لەسەریەک، دووشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ـی پەسەندکرد، سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکانیش لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کازمی رایگەیاند "کاری لەسەر دەکەین".

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا شەوی رابردوو (دووشەممە، 21-12-2020) مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بەڕێژەی سەدا 40 باج لەسەر سێ سەرۆکایەتییەکان و وەزیران دانراوە، هەروەها گوتی کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات.

مستەفا کازمی رایگەیاند "پەسەندکردنی ئەم بودجەیە، پرۆسەیەکی چاکسازییە بۆ سیستەمی سیاسی کە بەرهەمی دۆخی چەند ساڵی رابردووە. خراپیی بەڕێوەبردن و گەندەڵی ئەم دۆخە ئابوورییە سەختەی لێ بەرهەمهات و هۆکارەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داڕمانی نرخەکانی نەوتیش کاریگەرییان هەبوو. بودجەی ساڵی 2021 هەژاران دەپارێزێت و پارێزگاری لە هەلی کار دەکات. ئەوانەی لەم پڕۆژەیاسایە بەئامانج کراون، چینە باڵاکانی نێو حکومەتی عێراقن کە سەرۆکایەتییەکان و وەزیرەکانن و باجمان بەڕێژەی لە سەدا 40 لەسەر داناون".

لەبارەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش ئاماژەی بەوە دا؛ ئەوان ئێستا کار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن. "لە کۆتاییدا، هاووڵاتییانی هەرێم، هاووڵاتی عێراقن و دەگەینە رێککەوتن".

سەبارەت بە نزمکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند "بۆ پاراستنی ئابووریی عێراق، گۆڕانکاریمان لە نرخی فرۆشدا کردووە، ئابووریمان نزیکبوو لە خنکاندنی بازاڕ بە کەلوپەلی هاوردەکراو، ئەمەش کاریگەری لەسەر بەرهەمی جووتیار و کۆمپانیا ناوخۆییەکان هەبوو، ئەم بۆشاییەمان بۆ عێراقییەکان کردەوە، کە دەبووایە پێشتر ئەم کارە کرابووایە. ئامانج لە بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار، پاراستنی ئابووری عێراقە ".