"ناتۆ: 2021 دەبێتە ساڵێکی تایبەت بۆ پاڵپشتیکردنی عێراق"

عێراق داوای هاوکاریی زیاتر لە ناتۆ دەکات
وێنەیەکی ئەرشیڤیی ژمارەیەک ئەفسەری ناتۆ لە بنکەی تاجی لە عێراق
وێنەیەکی ئەرشیڤیی ژمارەیەک ئەفسەری ناتۆ لە بنکەی تاجی لە عێراق

K24 - هەولێر

عێراق داوای هاوکاریی زیاتر لە ناتۆ دەکات و ناتۆش دەڵێ "2021 دەبێتە ساڵێکی تایبەت بۆ پاڵپشتیکردنی عێراق".

قاسم ئەعرەجی، سێشەممە (22-12-2020) لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا لەگەڵ دکتۆر جۆن مێنزا، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ بۆ کاروباری ئۆپەراسیۆنەکان لەنێوان بەغدا و برۆکسل، کۆبووەوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی قاسم ئەعرەجی، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کراوە سەبارە بە پێشخستنی چۆنییەتی کاری هاوپەیمانیی ناتۆ لە عێراق.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکراوە بۆ "رێککەوتن لەسەر داواکارییەکانی عێراق لەو هاوپەیمانییە، لەپێناو پاڵپشتیکردنی دامەزراوە: ئەمنی، سەربازی و هەواڵگرییە فیدراڵییەکان، هەروەها لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش، ئەمەش لەڕێگەی راهێنان، راوێژ و بنیاتنانی تواناکان".

"2021 دەبێتە ساڵێکی تایبەت بۆ پاڵپشتیکردنی عێراق لەو بوارانەی پێویستییەتی لە هاوپەیمانییەکە"، بەپێی راگەیەندراوەکەی نووسینگەی راگەیاندنی ئەعرەجی، دکتۆر مێنزا لە کۆبوونەوەکدا وەهای گوتووە.

ناتۆ، لەڕێگەی پڕۆگرامی ئەرکی ناتۆ لە عێراق (NMI) کە پرۆگرامێکی تایبەتە بە راهێنان و راوێژ بە رەچاوکردنی سەرەوەریی و سەربەخۆیی عێراق، لەو وڵاتەدا کاردەکات. ئەمەش لەکاتێکدایە لایەنە شیعەکان له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌مساڵدا به‌بێ كورد و سوننه‌ له‌ پەر‌له‌مانی عێراق، یاسای ده‌ركردنی هێزه‌ بیانییه‌كانیان لە عێراق تێپه‌ڕاند.

هـ.ر.