بە ڤیدیۆ.. جووتیارە نموونەییەكە نیگەرانه‌ و دەڵێ لەو خزمەتەی كردوومە پەشیمانم

"دەمویست شكۆی كشتوكاڵی كوردستان بە دەرەوە بناسێنم، بەڵام خەڵكانێك ساردمان دەكەنەوە"
ئازاد كوردستانی، جووتیارە نموونەییەكەی هەڵەبجە
ئازاد كوردستانی، جووتیارە نموونەییەكەی هەڵەبجە

K24- هه‌ولێر:

ئازاد كوردستانی، جووتیارە نموونەییەكەی هەڵەبجە، نیگەران و تووڕەیە و دەڵێت: چیدیكە خزمەت ناكەم، لەوەی كردووشمە پەشیمانم، بەهۆی تانەلێدان و بڵاوكردنەوەی چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی، گوایە هەناری خراپی هەناردەی دەرەوە كردووە.

ئازاد كوردستانی، كە جووتیارێكی نموونەیی دەستڕەنگین و داهێنەری كوردستانە، لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە لە پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە دەڵێت: "من لێرەوە خزمەت ناكەم، ئەوەی كردووشمە لێی پەشیمانم و چیدیكە ئەو خزمەتە ناكەم".

ئەو جووتیارە نموونەییە تایبەت بە كوردستان24ی راگەیاند، نیگەرانی ئەوەیە كە چەندین جار هەواڵی ناڕاست و هەڵبەستراوی لەسەر بڵاودەكرێتەوە و دەڵێت: "جارێك دەممرێنن، جارێك دەڵێن بووەتە حزبی و پارەی وەرگرتووە، جارێكی دیكە لە وڵاتانی دەرەوە ڤیدیۆ بڵاودەكەنەوە، كە گوایە هەناری خراپم هەناردە كردووە".

لە بارەی هەناردەكردنی بەرهەمی هەناری باخەكەشی، ئازاد كوردستانی رەتیدەكاتەوە و دەڵێت: "بە هیچ شێوەیەك هیچ بارە هەنارێكم هەناردەی دەرەوە نەكردووە تا بڵێن بەرهەمێكی خراپ بووە، بە بەڵگەوە دەیسەلمێنم كە هەناری من هەناردەی دەرەوە نەكراوە".

دەشڵێت: "من دەمویست باشترین بەرهەمی هەنار هەناردەی دەرەوەی بكەم و شكۆی كشتوكاڵی كوردستان بە دەرەوە بناسێنم، بەڵام خەڵكانێك لێرە و لەوێ بە هەواڵی هەڵبەستراو ساردمان دەكەنەوە و وا دەكەن پەشیمان بینەوە لەو خزمەتەی كردوومانە".

ئازاد كوردستانی جەخت لەوەش دەكاتەوە، ئەو خزمەتەی كردوویەتی، بێ بەرامبەر و بێ هیچ پلە و پایە و پۆستێك بووە.

دەشڵێت: "من 7 دۆنم زەوی كە قووتی منداڵەكانمە، كردوومەتە زانكۆیەك تا تاقیكردنەوەی لەسەر بكەم و قوتابیانی زانكۆ بێنە ئەوێ و ئەنجامەكانی ببینن، 3 بەیتی پلاستیكی و 3 باخچەی جیاوازم كردووە، بەڵام بەداخەوە خەڵكانێك بە هەواڵی هەڵبەستراو ساردمان دەكەنەوە".

H.B